2021-01-08
سەرۆ قادر
وتار

وردبوونەوە لە بنەمای قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان

#ئەرشیڤ#کوردی

وردبوونەوە لە بنەمای قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان

سەرۆ قادر

[email protected]

ساڵی ڕابردوو پڕ بوو لە قەیران و هاوڵاتییان زۆر ئازاریان بینی. پەتای كۆرۆنا هەموو سیستەمی ژیانی وڵاتی ئێمەی وەكو هەموو دونیا خستە تەنگژەیەكی گەورەوە. بەشێكی زۆری هاووڵاتیان ئازیزانی خۆیان لەدەستدا، كەسایەتی ناوداریش لە كوردستان بەو پەتایە ڕۆیشتن. بۆیە دەبێ بە گرفتی دەرەجە یەكی بزانین، چونكە لەڕووی ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە كاریگەری خستووەتە سەر ژیانی خەڵك، هەتا كاری كردە سەر ژیانی سیاسی و جۆری سیستەمی سیاسی لە كوردستان. دووەمیان بابەتی گەمارۆی ئابوورییە لە لایەن عێراقەوە بۆ سەر کوردستان. سێیەمیان ناتەباییی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی ڕابردوودا تا ئاستێكی بەرز ڕۆیشت كە نەدەبوا شتی وا ببێت.

لەڕوانگەی ئێمەی كوردەوە ئەوەی تێیدەگەین عێراق بەتایبەتی دوای ڕیفراندۆم، بە هەموو لایەنەکانییەوە لەوە بوونەتەوە كوردستان بە بەشێك لە عێراق بزانن. ئێستا لە ساڵی2017ەوە زیاتر لە جاران وەك داگیركەر ڕەفتاردەكەن، ئەگەر لەدەستیان بێت خراپتریش دەكەن. ئەو قسەیەم بەو ناوە نیە كە هەرێمی کوردستان پابەندی بەشێكی ئەو بە ئیجبار عێراقیبوونی خۆی نەبێت. سیاسەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت لەو بوارەدا واقیعبینانەیە کە لەگەڵ عێراق بە نەفەسێكی درێژ كاربكرێ و داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش كراوە كە یارمەتی كوردستان بدات، بەڵام پێویستە لەبەرچاومان بێت كە ئیتر پرۆسەیەك دەستیپێكردووە عێراقییەكان بە چاوی دەرەكی تەماشای ئێمە دەكەن و بە بەشێك لە خۆیانمان نازانن. ئەگەر وانەبا نەیاندەتوانی ستەممان لێ بكەن. بەداخەوە دەتوانن ستەمەكە بكەن بەتایبەتی لەڕووی ئابوورییەوە، زۆرجار لە ڕووی ئاسایشیشەوە هەر دەتوانن جموجۆڵمان لەسەر بکەن. بە واقیع ئێمە لە داگیركراویدا ماوێنەوە. ئیسماعیل بێشكچی دوو ساڵ پێش ئێستا لە زانكۆی كوردستان ئاماژەی دەیگووت دەبێ كورد هەموو ئەو ناحەقییانە لەگەڵ عێراق و خەڵكی عێراق، لەگەڵ دونیا بەردەوام بڵێتەوە تا لەو واقیعە نالەبار و تاڵە تێبگەن و ئەو یاسا نێودەوڵەتییانەی کوردستانیان بەستووەتەوە گۆڕانكارییان تێدا بكرێت.

حکومەتی عێڕاق لە بەرنامەی خۆیاندا وەكو داگیركەرێك مامەڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و ستڕاتیژییەکەی بریتییە لە تێکشکاندنی کیانی دەستووری هەرێمەکەمان . ساڵی 2014 هەموو دونیا هاوكاریی هەرێمی كوردستانی دەكرد کاتێک داعش پەلاماری كوردستانی دابوو، پێشمەرگە بەرگری لە عێراقیش دەكرد نەك تەنیا هەرێمی كوردستان، لەبیرمانە حکومەتی عێڕاق هەموو یارمەتییەكی چەك و لۆجیستیکی لەڕێگەی بەغداوە لەسەر هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە بڕی. دوای گۆڕانكارییەكانی پاش ڕیفراندۆم هەرێمی كوردستان چ وەك سەرۆك بارزانی، چ وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و بەڕێز مەسرور بارزانی و حزبەكانی دیكەی سیاسی، بەردەوام لەگەڵ عێراق لە گفتوگۆدان تا لاپەڕەیەكی نوێ هەڵدەنەوە وە ڕێككەوتنی نوێ بكرێت، کەچی عێڕاق هەر پابەند نابێ. خۆ پێویستە لەو سیاسەتەیان تێبگەین كە نیازی ئازاردانی کوردستانیان هەیە دەنا پێناچێت لەو بارودۆخە نێودەوڵەتییە عێراق بتوانێ لەوە خراپتر بەسەر كوردستان بێنێ، هەڵبەت ئەوەی بەسەرماندەهێنێ كەم نیە و زۆریشە.

لە دوو گۆشەوە دەکرێ ئەم ڕەفتارەی عێڕاق تێبگەین. یەکێک ئەو سیاسەتە دەگەڕێتەوە بۆ تێگەیشتن و هەڵوێستی خراپیان بەرامبەر کوردستان. دووەم بۆ نەبوونی تەبایی سیاسی لە كوردستاندا. كاتێك كە دەرەنجامی سیاسەتی ناوخۆیی خراپ بێت کەواتە زۆر هۆكاری جیاواز لەکاردان؛ هەنە مێژوویینە، هەڵوێستە، بەرژەوەندییە، تێنەگەیشتنە، خیانەتیشی تێدایە. سەرباری ئەوەش لەو بارودۆخە سەختەی تیا دەژین بە هەموو تەنگوچەڵەمەكانی، كوردستان پێویستی بە تەباییەكی سیاسی هەیە كە دەبێ هەوڵی بۆ بدرێ. مەبەست لە تەبایی سیاسی ئەوە نیە لایەنێك تاوانبار و خەتابار نەبێ. پێموایە لەوەدا دەبێ بیربكرێتەوە تا ئەو شێوازە لە بەڕێوەبردنی سیاسی لە كوردستان، هەروەها ئەگەر پێمان بكرێ لە عێراقیش بگەڕێنینەوە كە سەرۆك بارزانی تا دە ساڵ بەر لە ئێستا پەیڕەوی دەکرد؛ دیوەخانی ئەو مەکۆی كۆكردنەوەی هێزە سیاسییەكانی كوردستان و عێراق بوو، ئەنجامەکانیشی دەرچوون بوو بە دەرەنجامی ئیجابی لە بەرژەوەندیی كوردستان. دەبێ كوردستان بۆ ئەو تەقلیدە، بۆ ئەو ڕوانگەیە بگەڕێتەوە و پەرەشی پێ بدات و بیگەشێنێتەوە. چونكە کوردستان ناتوانێ بەو پەرتوبڵاوییە بەرەنگاریی عێراق ببێنەوە. سەختە، هیلاك دەبین، ناتوانین تەنگوچەڵەمەی ئابووری چارەسەر بكەین. ناتوانین چاكسازی بكەین ئەگەر تەبایی نەبێت. لە هەموو دونیا تەبایی و ئاسایش بناغەن بۆ چاكسازی کردن. ناتوانین سەرنجی دونیا ڕاكێشین بەڵام لە ناوخۆماندا خەریكی شەڕە بۆكس و ئابڕووبردنی یەكتر بین. ناتوانین چاومان لە هاوكاریكردنی دونیا بێت لە كاتێكدا هێزە سیاسییەكانی کوردستان هاوكاریی یەكتر ناكەن، ئەویش لەسەر بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان. ئەوە ڕووداوە سەخت و گرنگەكانی ساڵی ڕابردووی وڵاتی ئێمەن، ئەو ئەركانەن كە دەبوو بیانكەین، هەندێكی كراوە، زۆری ماوە نەكرابێت. ئەگەرحزبەکان بەردەوام بن لەسەر تۆمەتباركردن و تاوانباركردنی سیاسیی یەكتری ئەوە ناگەنە هیچ ئامانجێك. بەشێوەیەكی گشتی لە كاتی تەنگوچەڵەمەدا نیشتمان بەرژەوەندیی باڵای دەكەوێتە مەترسییەوە، سەركردە حەكیمەكان بە دەوری تەنگوچەڵەمەكاندا دەسووڕێن هەتا گۆشەیەك دەبیننەوە لەوێوە گوتارێك بدۆزنەوە، تا هەموو ئەوانەی هەڵەیان كردووە، ڕایانكێشن بۆ ژێر درووشم و سەر مێزێك كە بەرژەوەندیی وڵاتی تێدابێت. ئەوەش هەنگاوێکە تا ئێستا نەنراوە، ئەگینا تەباییەكی زۆر باشمان دەبوو، وەك تەبایی پێش 16ی ئۆكتۆبەری 2017.

هۆکارەکانی ناتەبایی سیاسی ئێستای کوردستان لە چییەوە دێن؟ هەڵبەت سەرچاوەی تەنگژەی قوڵی ناو بزووتنەوەی سیاسییە لەم خاڵەدایە: تێگەیشتن سادەیە بۆیە تەنگوچەڵەمەكان قوڵ دەكاتەوە، ئەم گلەییە دەگەڕێتەوە بۆ نوخبەی سیاسیی سەركردەی حزبەکان، ئەوان بەرپرسن لەو تەنگوچەڵەمەیەی لە كوردستان هەیە. عێڕاق ئێستا خەریكە ئەم دۆخە دەقۆزێتەوە. بەشێك لە گوتاری سیاسیی عێراق بۆ ئازاردانی كوردستان، هەندێك لە پەرلەمانتارانی كوردن كە نوێنەری بەشێك لە دانیشتوانی كوردستانن. بۆیە دەبێ ئەو تەنگوچەڵەمە سیاسییە چارەسەر بكرێت تا هیچ پەرلەمانتارێك بۆ بەرژەوەندیی شەخسی بێت یان بە نیازی خیانەت ، نەتوانێ ئازاری هەرێم بدات كاتێك لە ناو تیمی نوێنەرایەتیی كوردستاندایە لە بەغدا، لە پەرلەمان بێت یان لە ناو حكومەتدا یان لە نێو كاروباری كۆمەڵگەی مەدەنی و ناڕەسمیدا بێت. ئەوە بەچی دەكرێت؟ بە تەبایی سیاسی. ئەو تەباییە سیاسییەش بە سەركردە كاریگەرەكانی وڵات دەكرێ.

عێراقییەكان و پەرلەمانەکەیان دژی شایستە داراییەکانی کوردستان وەستاون بۆیە دەشێت لە پڕۆژەیاسای بودجەشدا ئەوە دووبارە بێتەوە ئەگەر كوردستانێكی بەهێزمان نەبێت. كوردستانێكی بەهێز ئەوەیە پێش هەموو شتێك بزووتنەوەی سیاسی یەكگرتوو بێت، تا هەموو عەقڵ و هیممەتەكان بكەونە سەریەك و بەشداری بۆ حكومەتی كوردستان و پڕۆسەی سیاسی زیاتر ببێت، تا دەنگی كوردستان لە ناوەوە و دەرەوە بەهێزتر بێت. لەوێوەیە كە هیچ كەسێك لە بەغدا و دەرەوەی كوردستان ڕێی نابێت و ناتوانێت دژی بەرژەوەندییەكانی كوردستان بوەستێت. ئەوكات بۆ عێراقییەكانیش زۆر سەخت دەبێت بە ئاشكرا دژی كوردستان بوەستن. هەروەك تا ساڵی 2017 دوژمنەكانی کوردستان لە سەركردایەتی دەوڵەت و حكومەت و پەرلەمانی عێراقدا نەیاندەتوانی بە كەلیماتی ڕوون دژی بەرژەوەندییەكانی كوردستان بوەستن. بۆ نەیاندەتوانی؟ چونكە كوردستانێكی یەكپارچە هەبوو. بەڵام كاتێك پەرتوبڵاوی هەیە، ئەوە ڕوودەدات كە تیایدا دەژین. ئێستا لەسەر بەرژەوەندییەكانی كوردستان لە ناو پەرلەمانی عێراقدا نوێنەرەكانی كورد خۆیان تەبا نین، بەشێك لەوانە دژی بەرژەوەندییەكانی كوردستان قسە دەكەن، گوتاری كوردیان پارچە پارچە كردوە، بۆ ئەوانەی دوژمنی کوردستانن ماددەیەكی بەپیتە بۆ ئەوەی دیماگۆژییەت لە عێراق بەكاربهێنن و شەقامی عێراقی دژی كوردستان هان بدەن. هەروەها بۆ بەلاڕێدابردن و سەرلێشێواندنی دۆستەكانی كوردیش لە دنیادا دیسان چەكێكی بەهێزە، بەداخەوە.

بۆ چارەسەر کردنی کیشەکان ئێستاش سەرۆك بارزانی هەیە و نەوەی دووەم و نوێی نوخبەی سیاسی هەیە، بە پێی مەنتیقی مێژوو دەبوایە هەڵگری ئەو تەقلیدە بن کە کیشەکان وەک جاران چارەسەر کرابان. دەبوایە بەهێزتریشی بكەن و خواستیان فراوانتریش بێت. بۆ لە تەنگوچەڵەمەداین؟ چونكە ئەو شێوازی چارەسەر کردنی کێشەکان لە كورتی داوە. ئەوە كەموكورتییە لە نوخبەی سیاسیدایە كە سەركردایەتیی سیاسیی حزبەكان دەکەن، بەبێ هەڵاوێردن.

كاتێك تەنگوچەڵەمە لە ناو بزووتنەوەی سیاسی لە بەرژەوەندی و فەهم و ڕوانگەی ئەو بەشە لە نوخبە یان دەستەبژێر یان ئیلیتی سیاسیدایە كە ئێستا سەركردایەتیی حزبەكانی كوردستان دەكەن، نیشانەی ئەوەیە ڕوانگەیان ڕاست نیە، بەرژەوەندییەكانیان کە خۆیان دەتوانن پێناسەی بكەن دەخەنە سەرەوەی بەرژەوەندی کوردستان. ئەوەش ئەگەر دژی بەرژەوەندیی باڵای وڵات بوەستێت خیانەتە، دەبینین ئەوەشمان هەیە. ئەگەر بەرژەوەندیی حزبی بخەنە سەرووی بەرژەوەندیی وڵات و دژی حكومەت و كیانی خۆیان بوەستن، دیسان خیانەتە. بۆیە ئێمە لە تەنگوچەڵەمەیەكی قوڵداین، چۆكمان بە عەردی كەوتووە. كاتێك دوژمنی دوژمنم دۆستمە كە بەهێز بین و حكومەت و وڵاتی ئێمە بتوانێت یاری لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمایەتی و دونیا بكات، كە ئەوەمان پێ نەكرا نیشانەیە بۆ دۆخی زۆر خراپی وڵاتەکەمان.

حزبە عەرەبەکانی عێڕاق جەوێكیان خوڵقاندووە كوردستانیان كردووە بە لافیتەیەك بۆ دژایەتیكردنی کورد و دابین کردنی بەرژەوەندیی تائیفی و حزبییان. پێویستە لە خۆمان پرسیار بكەین بۆچی ئەوانە دەتوانن بە ئاسانی یاریمان لەسەر بكەن، بۆچی دەتوانن شەقامی عێراقی بە عەرەب و پێكهاتە كەمەكانی دیكەی لەوێ هەنە بە گژ كوردستاندا بكەن؟ ئەو دیاردەیە لە هێزی ئەواندا نیە. عێراق لە خراپترین دۆخی خۆیدایە. ئەی بۆ بە كوردستان دەوێرن؟ چونکە ئێمەش لە قۆناغێكی خراپداین. لە قۆناغێكی پەرتوبڵاوداین و ڕوانگەی یەكگرتوومان نیە. لە قۆناغێكدا نین هەموو دەرگاكان لەسەر بەشداریپێكردنی سیاسی لە كوردستان كرابێتەوە. كەی ئەوە دەكرێت؟ كاتێك حزبەكان لەسەر لانی كەمی ڕوانگەیەك بۆ پەرەپێدان و پێشكەوتنی وڵات ڕێكبكەون. ئینجا ئەوكاتە هاووڵاتیانی كوردستان لە دەوری ئەو ڕوانگەیە كۆدەبنەوە، ئەوكاتەیە كە بمانەوێ نەمانەوێ، دەرگا لەسەر لێهاتووەکانی وڵاتی ئێمە دەكرێنەوە، ئەوانەی كە لە سیاسەت باشتر دەزانن، ئەوانەی كە لە بەڕێوەبردنی دەزگاکانی حكومەت باشتر دەزانن، ئەوانەی پسپۆڕ و زانای باشن. ئێستا ئێمە هەموو بوارەكانمان لە ژێر تەنگوچەڵەمەدایە. بە هەزاران گەنج دێنە ناو ئەو نوخبە سیاسییەی باسی دەكەین، بڕوانامەكانیان ماستەر و دكتۆرا و سەرەوەی دكتۆرایە بەڵام زانستەكەیان زۆر متەوازعە! كێ لەوە بەرپرسیارە؟ هەڵبەت خۆیان نین، ئەو سیستەمە بەرپرسیارە كە ئەم واقیعەی دروستكردووە. كاتێک لە زانكۆكانەوە نوخبەیەكی کەمزان ناردرایە شەقام، ئەوان دێن پۆستەكان وەردەگرن وڵاتەكە تووشی ئەو تەنگوچەڵەمەیە دەبێت کەوا بەدەستییەوە دەناڵێنین. بەو حاڵە درووشمەكەمان نایەتەدی كە كوردستانێكی بەهێزە. لێرەوەیە ئێمە لە تەنگوچەڵەمەداین.

ئەگەر بپرسین چارەسەر چیە؟

بێ گومان لێ کردن، گەڕانەوەیە بۆ مەنتیق، گەڕانەوەیە بۆ واقیع، گەڕانەوەیە بۆ جارێكی تر پێداچوونەوە و سەیركردنەوە و چاكسازیی کردنی ڕوانگاکەیە لە ناو بزووتنەوەی سیاسیی كوردستان. پێویستە مێزێكی گفتوگۆی فراوان كە ڤیتۆی تێدانەبێت هەموو لایەن و باڵەکانی ناو کۆمەڵگا بانگێشت بکات. هەموو گوێ لە یەكتر بگرن. كوردستان لە سەرەوەی بەرژەوەندیی هەر كەسێك و حزبێكە. كوردستانێكی بەهێز گرنگە. كێ سەركردایەتیی درووستبوونی كوردستانێكی بەهێز بكات، تواناکانی هەموو حزبەكان و كەسایەتییەكان بۆ لای خۆی ڕادەكێشێت، مەنتیقی مێژوو لەگەڵ ئەو دەبێت و شانازیی مێژوویی لەگەڵ ئەو دەبێ. جا لێرەدا پێموایە بە پێی هەموو گریمانەیەك دەبێ پارتی دیموكراتی كوردستان باشتر شانی خۆی بداتە بەر ئەركە نیشتمانییە. هەڵبەت شانی داوەتە بەر بەڵام پێویستە كامڵتر و فراوانتری بكات. ئەوە شێوازێكە بۆ ئەوەی بتوانین هەموو هێزەكان بهێنە سەر مێز. پێویستە هەمووان بەشدار بكرێن و هەستبكەن بەشدارن، ئەوكات دەرگا بۆ تواناكان بكرێتەوە.جا ئەوکاتەیە هەر هێز و لایەنێک عیناد بکات و لە ملەوەزی بەردەوام بێت دەوری خۆی دەسڕێتەوە و لەغو دەبێت، دەبیت و لە ناو بزووتنەوەی سیاسییدا نامێنیت.

هەموو دۆستانی کوردستان داوا دەکەن یەكپارچەیی و یەكگرتوویی كوردستان بکرێتە زامن بۆ ئەوەی دونیا لە پشتیوانی كورددا بمێنێت و فشاری زیاتر بۆ عێراق بهێنێت. لە کردەوەدا دەوڵەتی عێراق دوو حكومەتی تێدایە، حکومەتی بەغدا و حکومەتی هەولێر. هەردووك حكومەت لە تەنگوچەڵەمەدان. پێویستبوو ئێمە لەو تەنگوچەڵەمەیەدا نەبین. كیانی عێراقی لە واقیعدا دوو حكومەت بەڕێوەی دەبات، ئێستا پیلان هەیە یەكێك لەو دوو حكومەتە كە حكومەتی كوردستانە، لە دەوری كەم بكەنەوە، بیخەنە تەنگژەی زیاتر و سەرەنجام ئەگەر پێیان بكرێت لەناویبەرن- كە زەحمەتە. بەڵام ئەو ئازارەی كە دەیبینین تەنیا لە عێراقێكی شڕ و شەپڕێوەوە نیە لەو هۆكارانەیە كە من باسمكرد. بۆ عێڕاقێکی شڕوشەپڕێو دەتوانێ ئازارمان بدات؟ چونكە تەنگوچەڵەمەی ئێمە زۆر قوڵە، نیشانەی ئەوەیە ئێمەش شڕوشەپڕێوین بەڵام شڕوشەپڕێوییەكەی ئێمە لەگەڵ ئەوان هەندێك شتی جیاوازە.

سەبارەت بە دەستێوەردانی دەرەکی، ئەوە كوردستانێكی بەهێزە كە ڕێگە لە دەستی دەرەكی دەگرێت. كوردستانێكی بەهێزە كە جێگەی خۆی لە سەر ئاستی هەرێمی و دونیا دەكاتەوە. كوردستانی ئێمە دەبوو لە جیاتی شەڕە حزب ئێستا وەكو تایوان بێت. تایوان دەوڵەت نیە وتەقریبەن وەك هەرێمی کوردستانە. هەموو دونیا دان بە تایوان دانانێت، بەڵام قبوڵیان كردووە. ئێمەش واین. ڕیفراندۆممان كرد هەموو دونیا ڕەتی كردینەوە، بەڵام بوونی هەرێمی كوردستانیان قبوڵە. ئەو دژبەرییەکە هەیە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی قبوڵیدەكەن تا ئەو شوێنانە دەكەن بە دەوڵەت. كەنگینێ؟ هەر ئەو قسەیەی ئیسماعیل بێشكچی دێنمەوە كە دەڵێت ئێمە دەبێ مەنتیقمان هەند بەهێز بێت، باوەڕی هەموو دونیا بگۆڕین تا فشار بۆ سیاییەكانیان بێنن ئەو قانونە نێودەوڵەتییە زاڵمانەیە بگۆڕن كە كوردی چوارپارچەی ئەسیر كردووە. ئەوە قسەی زانایەكی دۆستی كوردە لە توركیا.

حەز دەکەم بەراودێک لەنێوان سەختیی دۆخی جۆگرافیای سیاسی تایوان و کوردستان دکەم. چین ڕۆژانە فڕۆكە جەنگییەكانی بەسەر تایواندا دەسووڕێنەوە، بە کەشتی جەنگی چەكی زۆر قورس و ئەتۆمی دەوری داوە. ئێمە دۆخی هەرێمیمان زۆر باشترە لە هی تایوان. بەڵام عەقڵی تایوان و ئەزموونی تایوان و ڕوانگەی تایوانمان نیە. هەمانبێت، ئێمە بەهێزتر دەبین.

لەبەرامبەر باڵادەستی حزبە میلیشیادارەکانی عەرەبی شیعە و بێدەسەڵاتی حکومەتی بەغدا، پێویستە حكومەتی هەولێر بە وەرەقەیەكی مەنتیقی بچێتە گفتوگۆی بەغدا كە دونیای پیشکەوتوو پشتیوانی بکات. (ئاخر دونیا لەگەڵ ئێمەدایە، کوردستان هەر لە خۆیەوە لە عێراق خاوەن دەسەڵات نیە، بوارێكی نێودەوڵەتی ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ بۆ ئێمە كراوەتەوە). حكومەتێكی بەهێزی كوردستانی بەو پێناسەیەی كردمان، گەر وەرەقەی خۆی بۆ عێراق پێبێت، دونیا لە تەنیشتییەوە دەوەستێت، عێراق ناتوانێت نە ئەم ئازارانەمان بدات و نە ئەم ڤیتۆیانە بكات، نە ئێرانیش دەتوانێت یەك پاسدار بنێرێتە بەغدا و نانی کوردستان ببڕێت، ئێرانێک بۆخۆی لە هەندێ بواردا فووی لێ بكەن بەلادا دێت. وەک دەبینین هەموو لاوازەكان بە ئێمە دەوێرن. ئەوە نیشانەی ئەوەیە ئێمە لە قەیرانداین، دەبێ تەماشای باڵا و قەڵافەتی خۆمان بكەین ڕێكیخەینەوە. ئەوسا بنەماكانی بەهێزبوونمان لە یەك مانگا دەردەكەوێت.

دوای ڕیفراندۆم پارتی دیموكراتی كوردستان و دۆستەكانیشمان لە دەرەوە پێشنیازی حكومەتی بەهێزی كوردستیانیان كرد. یانی چی حكومەتی بەهێزی كوردستان؟ یانی تەبا، ڕوانگەیەكی باش بۆ پێشكەوتنی ئابووری و كۆمەڵایەتی- ئەوەی پێیدەگوترێت گەشەپێدانی بەردەوام. چاكسازییەكانی ئابووری، كۆتاییهێنان یان كەمكردنەوەی ئەو گەندەڵی و بە تاڵانبردنەی ڕۆژانەی سامانی گشتیی وڵات. ئەوكات زەمینە خۆشدەبێت بۆ ئەوەی پێشمەرگە ببێتە سوپایەكی دانپێدانراو. سوپای دانپێدانراوە كە چەكی دەدرێتێ، سوپای دابەشكراو و بەشێوەی میلیشیا بەڕێوەبچێت ئیعتباری ئەوەی نابێت چەكی پێ بفرۆشرێت. ئێستا دۆستەكانمان چەکمان دەدەنێ ئەگینا وێناچێ كۆمپانیاكانی چەكسازی بە ئاسانی چەك بە پێشمەرگە بفرۆشن. ئەوانەیە حكومەتی بەهێز درووستدەكەن، حكومەتێك كە دەستكاری پەروەردە دەكات، پەروەردەیەكی هاوچەرخی ئەم زەمانەیی زانستی، زانكۆكان لەسەر بناغەی بەرهەمهێنانی زانستی دادەمەزرێنێتەوە نەك خوێندكار و قوتابییان حوكم بەسەر زانكۆكاندا بكەن. ئەوە كارێكە چین لە كۆتایی چلەكان و کەمبۆدیا لە حەفتاکان و ئیران لە هەستاکان بەسەر زانكۆكانی خۆیان هێنا. یەك مامۆستای زانكۆ لە یەك زانكۆی كوردستان بە هەردوو ئیدارەوە ناتوانێت بەردەوام بێت و دەرس بڵێتەوە ئەگەر قوتابیان و خوێندكاران لێی ڕازی نەبن. یەك بەرپرسی ناوچە و بەرپرسی كۆمیتە دەتوانێت باشترین پرۆفیسۆری ئەو زانكۆیانە لابەرێت! حکومەت چۆن دەتوانێ ئاوا بەهێز بێت؟

تەنگوچەڵەمەی سیاسی هەر ئەوە نیە حزبەکان هاوكاری یەكتر ناكەن بەڵکو ڕەفتاری سیاسیی نابەجێ، هەڵوێستی خراپ، پاشقول لێكگرتن، گەندەڵی، مەحسوبییەت، هەموو ئەوانە پەرەدەسێنێت و شتێك نامێنێت بە ناوی حكومەتی بەهێز كە دەستی بەسەر هەموو كوردستاندا بڕوات. ئێستا ئێمە لەو حاڵەتەدا دەژین. لە خواستەكانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان كە چەندان جار لە بۆنەكاندا داوادەكات هاوكاریی حكومەت بكرێت، حكومەت بەهێزبكرێت، نیشانەی ئەوەیە حكومەت هەست بە هاوكاریی حزبەكان بۆ حكومەتی كوردستان ناكات. پەرلەمان لە كەمین وەستاوە بۆ ئەوەی كێشە بۆ حكومەتەكە بنێتەوە. لە دونیای پێشکەوتوودا لەسەر گەشەپێدان لە نێوان پەرلەمان و حكومەت جیاوازیی ڕوانگە دەبێت، نەك لەسەر وردەکاری سیاسی ڕۆژانە.

لە بنەما هەرە سەرەکییەکانی پێداچوونەوە و ڕێکخستنی ڕوانگا، قبوڵکردنی یەکتر و بەکارنەهێنانی قرتاندن و بەلاوەنان، دەرگا کردنەوە بۆ شارەزا و لێهاتوەکان، پەیڕەوکردنی واقیعبینی لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و عێڕاقی، پاراستنی سامانی گشتی و کارگێریی مۆدێڕن و ڕیگاگرتن لە بەفیڕۆدان و گەندەڵی، دوورخستنەوە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی حزبەکان لە کاری حکومەت و گرتنەپێشی سیستەمێکی پەروەردەی هاوچەرخ و زانستی، بەشداری پێکردنی ڕاستەقینەی پێکهاتەکانی کوردستان.


سەرچاوە: ئەرشیڤی ماڵپەڕی سەرۆ قادر