ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستاندا
ڕۆژەڤی كوردستان/ كوردستان تیڤی ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستاندا
پ/ كاك سەرۆ بەخێربێی
سەرۆ قادر/ زۆر سوپاس، ڕۆژباش.
پ/ كاك سەرۆ، لەمڕۆدا كە ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییە، پرسیاری من ئەوەیە: ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە چ دۆخێكدایە؟
سەرۆ قادر/ جارێ لە ژیانی میللەتاندا، ئازادی بنەڕەتێكی سەرەكییە. بنەمایە بۆ هەر سیستەمێكی سەقامگیر كە توانای گەشەكردن و بەرەوپێشەوەچوونی هەبێت، چونكە پێشی بێمە سەر پرسیاری جەنابت، ئازادی بەشێكی جیانەكراوەیە لە وجودی ئینسان. تەنانەت كاتێك منداڵ لەدایكدەبێت، بە پێی لێكۆڵینەوەی زانستیی ئەمڕۆ دەبێت ئەوپەڕی ئازادیی جوڵە هەر لە گریانەوە تا گاكۆڵكەی پێ بدرێت، بۆ ئەوەی كە گەورە دەبێت بناغەی كەسایەتیی بەهێزی هەبێت، واقیعبین بێت، توانای بەرەنگاری هەبێت، داهێنانی تێدا درووستبێت، توانای لێكدانەوەی دیاردەكانی سرووشتی هەبێت. بەبێ ئازادی، منداڵ ناتوانێت گەشەبكات. لە تەمەنەكانی سەرەوەش هەروایە، كەوایە ئازادی بەشێكی جیانەكراوەیە لە بوونی مرۆڤ. هەتا لە گەورەییدا، هەریەك لە ئێمە كاتێك ئازادییەكانمان سنووردار بكرێت، ئەوەی كە پێیدەگوترێت “پارسەنگ” یان بەڵانسی دەروونیی و جووڵە لە ئێمەی مرۆڤدا تێكدەچێت. ئەوكاتەیە كە دەڵێن”ئەوكەسە ئیرادەی نامێنێت”. وە مەفهوومی زیندانییش لەوەوە دێت، ئەو كەسەی كە زیندانییە خاوەنی هیچ ئیرادەیەك نیە. ئەو ئیرادەیەی لێ دەسەندرێتەوە، هەتا ئازادیی جووڵە و بڕیاری لێ وەردەگرنەوە. لەوەوە ئێمە لەم زەمانەدا كە زانست زۆر پێشكەوتووە، لە ڕۆشنگەریی خۆماندا ڕۆژانە ڕۆژنامەنووسان و ناوەندەكانی زانستیی زانكۆكان، هەموو ئەو كەسانەی بەهرەمەندن لەو ڕووەوە، زانیاریان دەستكەوتووە، بۆكۆمەڵگای ئێمە زۆر پێویستە ئەو حەقیقەتانە بڵێنەوە. كەواتە ناكرێت ئێمە بیر لە ژیانێكی ئاسایی بكەینەوە، كە توانای پێشكەوتن و گەشەسەندنی تێدابێت، ئەگەر ئازادی نەبێت. لە پێشەكیی قسەكانی تۆدا، ئەگەر ئازادی هەبێت سنووری ئەو ئازادییە لەكوێیە؟ ئەوە لە ناو كۆمەڵگەكاندا، ئەو كۆمەڵگانەی لەسەر بنەمای واقیعبینی و بنەمای زانین و زانست ڕێكدەخرێن، ئەوانەن كە یاساكان دادەنێن. یاسا ئەگەر كەسانی زانا، زانا بە مانای ئەوە نا كە هەر لە یاسا دەزانن، بەڵكو یاساكان كاتێك بە دەستی یاساناسەكان یان یاسازانەكان یاسای باش دادەندرێن، كە تەواو گونجاو بێت لەگەڵ سرووشتی مرۆڤ، كە تەواو گونجاو بێت لەگەڵ توانای ئەو كۆمەڵگەیە، كە تەواو گونجاو بێت لەگەڵ پێویستیی جوڵە. ئەگەر یاساكان هەموو ئەو زانیارییانەیان تێدابێت كە سرووشتی دانیشتوانی وڵات بۆ پێشكەوتن و گەشەسەندن، توانایی كۆمەڵگا بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی و ئابووری و پەروەردە و بوارەكانی دیكە، هەمووی لەبەرچاو گیرابێت، ئەوكات لە بوارە جیاجیاكان یاساكان دادەندرێن، كە یاساكان تەواوكەری ئەو پێناسەی ئازادییەن كە من بۆتۆم باسكرد. كەواتە یاسا و ئازادی دژبەری یەكتر نین، یەكتر پێشێل ناكەن، یەكتر تەواو دەكەن. بەڵام كاتێك خەڵكانی نەزان یان بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان ئەم بەرژەوەندییە سیاسی بێت، یان ئابووری بێت، یان ئایدۆلۆژی بێت، یان قەومی بێت، دینی بێت، مەزهەبی و تائیفی بێت، یاسا دابندرێت، ئەو یاسایانە ڕێك لە بەڵانس یان پارسەنگی كەسایەتیی مرۆڤەكان دەدات، دەیانوەستێنن، تووشی كێشەیان دەكەن، تووشی وەستانیان دەكەن. ئینسان كاتێك كە دەوەستێت داهێنانی نامێنێت، مێشكی كار ناكات، لە نەبوونی ئازادیدا ئینسان تووشی خەمۆكی دەبێت، خەمۆكی كاتێك تووشی مرۆڤ و كۆمەڵگە دەبێت، واتا ئەو مرۆڤە سەروەشێن بووە، ئازادیی جوڵەی تەواوی نیە. بەڵام كاتێك كە یاساكان لە كۆمەڵگەدا، لە سیستەمێكی سەقامگیردا، زاناكانی ئەو وڵاتە دایبنێن، ئەو یاسایانە ئینسان فێردەكەن كە چۆن بە ئازادی لە كەناڵی خۆیدا جوڵە بكا، ئینسان ئازادە بەڵام ئازادیی ڕەها نیە. تۆ ئازادی ئۆتۆمبێل بە ناو هەولێردا لێخوڕی، بەڵام ناچاری بە شەقامێكدا بڕۆی كە هەندێك یاسای هاتوچۆ بەسەریدا زاڵە. كە تۆ دەچیە كۆڵانێك دەبێت بزانی چ ئاماژەیەكی هاتوچۆ بۆ كۆڵانەكە داندراوە، دوو سەرەیە یان یەك سەرە دەڕوات. كاتێك دەچیە نێو كۆڵان دەبێت بزانی لە هەر كۆڵانێك ئەگەر هەیە منداڵ یان پیادە یان نەخۆش یان پایسكیل بێن. كەواتە تۆ پابەندكراوی وەكو مرۆڤێكی ئازاد، ئەگەرنا ئازادیی ئینسانەكانی دیكە پێشێل دەكەی، لەوانەیە گیانیان لێ بستێنییەوە. بەو پێیە یاساكانی هاتوچۆ یەك، یارمەتی ئەوە دەدات تۆ ئازاد بیت بە گەیشتن بە ئامانجی خۆت، دوو، ئازادیی خۆت بەرژەوەندی و ژیانی خەڵكی تر نەخاتە مەترسییەوە. كەواتە ئەم یاسایانەی كە بە واقیعی و زانایی داندراون، تەواوكەری ئازادین، یارمەتی مرۆڤ دەدەن بۆ ئەوەی ئەوپەڕی سوود لە ئازادی ببینن.
پ/ ئەمە لەسەر ڕۆژنامەنووسانیش دەچەسپێت؟
سەرۆ قادر/ لەسەر هەموو بوارەكانی ژیان جێبەجێ دەبێت. من یەكێكم لە سی ساڵی ڕابردوودا لە كاری رۆژنامەنووسی و ڕاگەیاندن و ئەو بەشە لە سیاسەتیش كە پەیوەندی بەوەوە هەبێت، یەكێك لە بونیاتنەرەكانم، دەبێت ئاگام لە هەموو كەموكوڕییەكان و پێشكەوتنەكانیش هەبێت. لەمڕۆدا كە ڕۆژی جیهانییە بۆ پشتیوانیكردن لە ڕۆژنامەنووسی، بەو ناوە نیە كە ئێمە لەبیرمان بچێت بەو پێناسەیەی كە پێشتر من كردم، ئازادیی ڕۆژنامەنووسی وەك هەر ئازادییەكی تر، بەشێكە لە پێویستییەكانی هەبوون و پێشكەوتنی مرۆڤ و كۆمەڵگە.
پ/ ئازادیی ڕەها یان سنووردار؟
سەرۆ قادر/ لە ژیاندا شتێك بە ناوی ئازادیی ڕەها بوونی نیە.
پ/ بەڵام بەپێی سرووشتی كۆمەڵگە ناگۆڕێت؟ ئێستا لێرە زۆر كەس هەن ئازادی لە هەرێمی كوردستان بە فەڕەنسا بەراورد دەكەن، یان ئەمریكا ؟
سەرۆ قادر/ من بۆچی پێش هەموو شت دەڵێم ڕۆژنامەنووسی باش و خوێندەوار، لەم زەمانەدا غەدرێكی گەورەیە ڕۆژنامەنووس هەبێت زانكۆی تەواو نەكردبێت، چونكە ناتوانێت لەم دونیایە تێبگات، ناتوانێت ئەم ئەركانە بگوازێتەوە كە من ئێستا گوتم. ناتوانێت بەشدار بێت لە پڕۆسەی ڕۆشنگەری لە وڵاتەكەدا، ئێمە میللەتێكین تا ئێستا ئازاد نین، ئاستی نەخوێندەواری لە وڵاتەكەماندا زۆرە، نەخوێندەواری بە واتای ئەوە خەڵك ناتوانێت بنووسێ و تابلۆیەكیش بخوێنێتەوە. ئینجا بەڵایەكی ترمان هەیە، كۆمەڵگەكەمان خوێندەواری تێدایە، بەڵام خوێنەر نیە. كابرا ئاستێكی بەرزی خوێندنی ئەكادیمی هەیە، بەڵام ساڵی كتێبێك ناخوێنێتەوە. دوو وتار ناخوێنێتەوە. كۆمەڵگەی ئاوا كۆمەڵگەیەكی خیتابیی گوێگرە، ئینجا لە گوێگریشدا دەبێتە گوتە گوت و قاوە قاو، تۆ نازانی ئەوەی گوێت لێیە چەندی ڕاستە و چەندی هەڵەیە. ئەوە یەكێك لە سیفەت و تایبەتمەندیی وڵاتی ئێمەیە دەبێت بەرەنگاری بوەستینەوە.
دێمە سەر ئەو بەراوردەی لە ڕۆژنامەگەری یان میدیا لە نێوان ئێرە و وڵاتانی پێشكەوتوودا دەكرێت. جارێ ئێمە پێشی ئەوەی بچینە وڵاتانی پێشكەوتوو، كە دەڵێین ئازادی ڕەهایە یان نا. بۆ ئەوەی بزانین شتێك بە ناوی ئازادیی ڕەها هەرگیز بوونی نیە، ئەویش ئەوەیە كاتێك لەدایك دەبین، دێینە دنیایەك كە دنیایەكی سرووشتییە، لە سرووشتدا هەندێك یاسای سرووشتی هەن كاری خۆیان دەكەن، مرۆڤ بەبێ یاسا كارناكات، ئێمە كە دێینە ناو ئەو ژیانە، دێینە ناو دونیا كە دەبێت بیناسین، چۆن دەیناسین؟ كاتێك كە یاساكانی كەشف دەكەین، واتا لە كۆڵانەكانی ناسینی یاساكانی سرووشتەوە مرۆڤ پێشكەوتن بەدەستدێنێت. بە هەوەنتە و بە خەون نیە. كەواتە دەبێ تێبگەین هەموو دیاردەكانی دیكەی ژیانی كۆمەڵایەتی بەشێكە لەو سرووشتە كە هەندێك یاسا بەسەریدا زاڵە. ئەو یاسایانە هەندێكیان لە دەرەوەی ژیانی كۆمەڵایەتین، هەندێكیان تایبەت بە ژیانی كۆمەڵایەتین. كە دێیە سەر ئازادیی ڕاگەیاندن، ئازادیی ڕاگەیاندن، بریتییە لە ئازادیی گەیاندنی زانیاری. ڕاگەیاندن خۆی دیاردەیەكی مۆدێرنە، پێش قۆناغی مۆدێرن پێش ئەوەی تەكنەلۆژیای چاپ و گەیاندن درووستبێت، پێشی ئەوە چیرۆك و لاوك و پەند و ئەندەرس هەبوونە. لەڕێی ئەوانەوە زانیاری بۆ مرۆڤ دەگوازرانەوە. ئێستا كە ئەركەكە بە تەكنەلۆژیای نوێ و ئاستی بەرزی زانیاری بە مانای زانستی دەیكەین، دەبێت بزانین گەیاندنی پەیام و زانیاری (كە ئێستا گەیاندنی زانیاری یەكجار زۆر بووە، جاران هەواڵی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئیشی ڕاگەیاندن بوو) ئێستا ڕاگەیاندن دابەزیوەتە ناو ژیانی ڕۆژانەی ئینسان. كەواتە بەرپرسیارەتیی كاری ڕاگەیەندنكار زۆر زیاتر بووە. ئەو ئایپادەی ئێستا لەبەردەمی تۆیە وەسیلەیەكی زانیارییە و وەسیلەیەكی ڕاگەیاندنیشیە. ڕاگەیاندن لە ستۆدیۆ و ڕۆژنامە دەرچووە. ئێستا لە دەستی هەركەسێكدایە، هەموو كەس دەتوانێت ئەو ئامێرەی هەبێت. كەواتە دەبێت ڕۆشنگەرییەكە زۆر فراوان بكەین، كە هەموو كەس چۆن بەكاری بێنین. ڕاگەیاندن لە هەموو شوێنێك وەكو سیستەمێك لە سیستەمەكانی ناو كۆمەڵگە سەیردەكرێت چونكە خۆی وایە. گەیاندنی زانیاری بۆ هەركەسێك پێویستە. لەم ڕۆژەدا كە رۆژی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەرییە، دەڵێم دەبێت بەرگری لەوە بكەین هەر ڕاگەیاندكارێك هەر ڕۆژنامەنووسێك، ئەو زانیارییە ڕاست ودرووستەی كە پێیەتی و هیچ زیانێك بە كەسێك و كۆمەڵگەیەك ناگەیەنێت، بەڵكو بۆ كۆمەڵگەكە و كەسەكە پێویستە، دەبێت تەواوی ئیمكانیات و دەرفەتی بۆ بڕەخسێنین تا بتوانێت ئەو زانیارییە بگەیەنێت. ئەگەر پێچەوانەی ئەوە بێت یاسا ڕێگەی لێ دەگرێت. لەبەر ئەوە كاری ڕۆژنامەنووسی كارێكە تەواو پەیوەستە بە زانینی یاساكانی ئەم وڵاتە، بە زانینی یاساكانی جیهانگیریش، بۆ نموونە هەندێك زانیاری هەیە تۆ لەسەر مۆبایلەكەت بڵاوی بكەوە یەكسەر بلۆك دەكرێی، ئەگەر پەیوەندی بە تیرۆر و بازرگانیكردن بە مرۆڤ و توندوتیژی و ڕەگەزپەرستی هەبێت. ئەوانەی كەرامەتی مرۆڤ دەخەنە مەترسییەوە. بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی هەموو ئەو پێگانەی كە پێی دەگوترێت سۆسیال میدیا دەیوەستێنن. بۆنموونە، كاتێك ترەمپ سەلامەتیی كۆمەڵگەی ئەمریكی و جیهانی خستە مەترسییەوە، ئۆتۆماتیكی فەیسبووك و تویتەر و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تا ئێستاش وەستێندراوە. كەواتە هەبوونی ئازادی بۆ هەموو كەس هەتا ئەگەر ترەمپیش بیت، بۆ یاسایە. كاتێك تۆی ڕۆژنامەنووس حەقت هەیە پەیامی خۆت بەوپەڕی ئازادی بگەیەنی كە تۆ هەموو یاساكان بزانی. یەكێك لەوانە كە تۆ لە ناو وڵاتی خۆتی دەبێت یاساكانی وڵاتی خۆت بزانی. با نموونەیەك بێنمەوە، لە تایبەتمەندییە نەرێنییەكانی میدیای كوردستان چیە؟ تەكنەلۆژیای نوێ بەكاردێنن بێ ئەوەی ڕۆژنامەنووس و تەكنیككارەكانی تەلەفزیۆن و سۆسیال میدیا بزانن چۆن ئەمە بەكاردێنن؟ زیان بە كەرامەتی هاووڵاتیان و وڵاتەكەیان دەگەیەنن یان نا؟ بۆنموونە، كاتێك كە كارێكی تیرۆریستی لە فەڕەنسا یان لە ئەمریكا ڕوودەدات، تۆ هەواڵەكە دەبیستی، بەڵام هیچ تەلەفزیۆن و پێگەیەك بە وردی زانیاریت ناداتێ، دەڵێن ئەوە تایبەتمەندیی پۆلیس و دادگایە. لە 11ی سێپتەمبەردا بینیمان فرۆكە خۆیان بە بیناكان دادا، بینیمان ڕووخان، بەڵام لاشەی خەڵكمان نەبینی. ئەم دواییە بە ڕەسمی لە هیچ تەلەفزیۆنێك كاتێك ژمارەیەك هاووڵاتی ئەمریكی لەژێر كاریگەریی قسەكانی ترەمپ پەلاماری كەپیتۆلیان دا، ئێمە تەنیا لە سۆسیال میدیا ئەوەمان بینی، بەڵام هیچ تەلەفزیۆنێكی ئەمریكی سەرباری ئەوەی زانیاریان هەبوو، نەقڵیان نەكرد. دوای ئەوە كە گفتوگۆ لە نێو ئەمریكا زۆر بووە، هیچ تەلەفزیۆنێكی ئەمریكا ئەو گفتوگۆیانە ناگوازنەوە كە زیان لە سەلامەتیی كۆمەڵایەتیی ئەمریكا دەدات وەكو ڕەش و سپی و نیۆلیبرال و موحافیزەكارەكان. كەواتە ڕاگەیاندن لە هەر شوێنێك یاساكانی وڵاتی خۆی كە بەرژەوەندیی وڵات و دانیشتوانی دابین دەكات نەزانێت، ئۆتۆماتیكی ئەو ئازادییە لەو ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنكارەكە و تەلەفزیۆن و خاوەن پێگەی كۆمەڵایەتی دەستێندرێتەوە. ئەوە پێی دەگوترێت دووسەرەی ئازادی و یاسا. ئازادی و یاسا هەبوونی ئینسان بۆ پێشكەوتنی بەردەوام دابین دەكەن، ئەم دوو جەمسەرییە بەڵانسەكەی تێكبچێت یان دەبێتە گێرەشێوێنی و فەوزا، یان دەبێتە دیكتاتۆری و هەردووكیان كەرامەتی مرۆڤ لەكەدار دەكەن، هاوسەنگیی ئینسان تێكەدەن و پێشكەوتن دەوەستێت.
پ/ ئێستا ئازادی لە كوردستان لە چ دۆخێكدایە؟ هەیە ڕەشبینە و دەڵێت ئازادی لە كوردستاندا نیە؟
سەرۆ قادر/ لە درووستبوونی دەوڵەتان لە نوێدا، گەر ئێمە دەوڵەت و كۆمەڵگەیەكی سەقامگیر بە ئاپارتمانێكی وەك ئێرە حساب بكەین، زاناكان دەڵێن ئازادی و دیموكراسی دەكەوێتە قاتی چوارەم، قاتی یەكەم نیە. قاتی یەكەم دامەزراوەی دەوڵەت و یاساكانییەتی، قاتی دووەم پێشكەوتنی ئابوورییە، واتا هەبوونی پرۆگرامێكی واقیعی و زانستییە تاكو توانا و سامانی وڵاتەكە بەگەڕخات تا گەشانەوە و پێشكەوتن هەبێت. ئینجا دواتر پەروەردە و ئاسایش هەیە، كۆمەڵگە ئامادە دەكەن، بەهێزی دەكەن، توانای دەدەنێ، پەروەردەشی دەكەن، ئینجا قاتی چوارەم دەستپێدەكات كە ئەویش دیموكراسی و ئازادییە. هیچ وڵاتێك نیە بە دیموكراسی دەستپێبكات. مەبەستم ئەوە نیە دژی ئازادی و دیموكراسی بیرۆكە بۆخۆمان درووستكەین. لە وڵاتی ئێمە پڕۆسەكە بەدەست خۆمان نەبووە، كۆمەڵگەی جیهانی پاڵیان بە عێراقەوە نا كە فاشیست بوو، بە مەفاهیمی خۆیان كە دەبێت مافی مرۆڤ و دیموكراسی هەبێت و هەڵبژاردن هەبێت، وە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستانیش توانای تێدا هەبوو ئەو ئازادییە بە گوڕ و تینەوە دەستپێیبكات، بۆیە بنەمای سیستەمی ئێمە لەسەر بنەمای تێنەگەیشتن لە ئازادی و یاسا درووستبووە. هی دووەم كۆمەڵگەیەكی پاشكەوتووین، تا ئێستاش. كۆمەڵگەی پاشكەوتوو ناتوانێت بە قووڵی بیركاتەوە، ئەو نەتوانینە یان بێتواناییە لە بیركردنەوەی قووڵدا لە نوخبەی سیاسی و زانكۆكان و ڕۆژنامەنووسەكانیشدا هەیە. تاوەكو ساڵی 2005 ـیش كە من بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بووم لە هەموو كوردستان، زۆرترین دەزگاكانی ڕاگەیاندن ئەوكات كە ڕێژەیەكی زۆری لە دەستی پارتیدا بوو، كە من لێی بەرپرس بووم، یەك بەڕێوەبەرمان نەبوو، یەك ڕۆژنامەنووسمان نەبوو كە بەكالۆریۆسی لە ڕاگەیاندن هەبێت. وە یەكێك لەوان تۆی ڕاگەیاندنكار بووی كە ئەوكات قوتابی زانكۆ بووی. وەرە پێم بڵێ ئێمە چۆن لە ئازادی تێگەیشتبووین كە ڕاگەیاندنمان بەڕێوە دەبرد؟ چۆنمان دەدایە خەڵك؟ بە هەڵە دەماندا. هەبوونی ئازادی ڕاست بوو، بەڵام ئێمە كە پیادەمان دەكرد، هەروەكو بابەتی ڤایرۆسەكە بوو. ڤایرۆسەكە هەموو دونیای داگیركردووە، لە هەولێر و سلێمانی دەیانگوت كورد كۆنترۆڵی ڤایرۆسەكەی كردووە و هەموومان گرتوومانە و ئاسایی بووەتەوە. بۆیە مرۆڤ كە زانا نەبوو لە دیاردەیەك تێناگات، وە باجەكەی بە زیان دەدات. ئێمە حەقی ئازادیمان هەیە بەڵام حەقی ئەوەشمان هەیە یەك، یاساكانمان جێبەجێ بكەین، هەتا ئەگەر كەموكوڕیان تێدابێت. دوو، ڕۆشنگەری بكەین و داوابكەین پەرلەمان یاساكان بەرەو باشی هەموار بكات. دەبێت ئێمە هەمیشە داوای هەمواركردنەوەی یاساكان بكەین بەرەو باشی. تۆ سەیری یاسا بكە، یەكێك كاتێك دەچێتە بەردەم دادگا، كاتێك دادوەر بڕیاری كۆتایی لەسەر دەدات، زۆرجار كابرا هەست دەكات غەدری لێكراوە، بەڵام ناچارە بڕیاری دادوەر قبووڵ بكات، ناتوانێ بڵێت قبووڵی ناكەم، ئازادییەكەمان دەبێت بە زانایی پیادە بكەین، لە هەر شوێنێك زانیمان یاساكان كافی و شافی نین بۆ ئەوەی كە ئازادیی ئێمە چ وەكو ئینسان یان ڕاگەیاندن دابین بكات، دەبێت فشار لە پەرلەمان بكەین بە دەستی كەسانی زانا یاساكە هەموار بكرێت. وە پەرلەمانی كوردستانیشدا لەوەدا كێشەی تێدایە. من لەبیرمە لە ساڵی 2007 یان 2008 بوو، ئەم یاسای نوێی ڕاگەیاندنە داندرا، گفتوگۆیەكی زۆر لە كریدۆرەكانی سیاسیی حزب و حكومەت دەكرا، تا چووە پەرلەمان، لەژێر فشاری پۆپۆلیزمی شەقام كە زیاتر لە سلێمانی ئەوكات فشاری دێنا، ئەو یاسایە تێپەڕێندرا. ئەو یاسایە بۆخۆی ئێستا كاتێك كە مومارەسە دەكرێت، ئەو گفتوگۆ و ناتەباییەی لەنێو خەڵكدا لەسەر ئەوە ناوەتەوە كە سنووری ئازادی لە كوێ دەگەڕێتەوە؟ لە ئازادیدا شتێك نیە بە ناوی پەلاماردانی خەڵكی دیكە. ڕۆژنامەنووس دەبێت زۆر یاسایی بێت، دەبێت زۆر پابەند بێت. كەسێك دەتوانێت زمانێكی تیژی هەبێت كە زانیارییەكی زۆری هەبێت، كە دڵنیابێت لەوەی ئەوەی دەیڵێ ڕاستە. دووەم شت یاساكە باش بزانێت، بزانێت بەشێوەیەك بەكاریبهێنێت كە زیان بە وڵاتەكە ناگەیەنێت.
پ/ ئەو ئازادییەی باسی دەكەی گیرۆدەی دەستی دوو بەرە نیە؟ بەرەیەك كە لە ناو دەسەڵاتە و بەرەیەكیش كە ئۆپۆزسیۆنە و خۆی بە ئازاد دەزانێت؟
سەرۆ قادر/ ئێمە لە دامودەزگای حكومەتیش (با نەڵێین دەسەڵات، چونكە دەسەڵات لە وڵاتی ئێمە حكومەتە)، ئۆپۆزسیۆن و حكومەت هەردووكیان گیرۆدەی ئەو نەزانییەن كە من باسمكرد. بەڵانسەكە چۆن؟ جاری وایە ئۆپۆزسیۆن نەزانییەكەی یەكجار زۆرە، جاری وایە حكومەت و دامودەزگاكانی لە زۆر بواردا نەزانانە ڕەفتار لە توندكردنی كۆنترۆڵ یان بەرەلڵاكردن دەكات كە هەردووكیان زیان دەگەیەنێت. ئێمە دەبێت بزانین بەڵانسێك لە پێشكەوتن وەرگرین، دەبێت ڕۆژنامەنووس زۆر خۆی ماندبووبكات، زانا بێت، یاساكان بزانێت. كارێكی ئاسانە ئەوانە، ئیشی دوو سێ ڕۆژە كە تۆ یاساكانی وڵاتی خۆت هەمووی بزانی لە بواری گەیاندندا كە من لەكوێ بۆم نیە و لەكوێ بۆم هەیە بە كەیفی خۆم تاف گێڕ بڕۆم. ئەوانە نە حكومەت هاوكاریی ڕاگەیاندن دەكات، نە دامودەزگای خوێندنی باڵا بەرنامەی تایبەتی هەیە بۆ بایەخدان بەو بوارەی كە میدیا ئامادە دەكات. وە نە حزبەكانیش پەكیان بەوە دەكەوێت كە چەند هەڵە دەكەن، چونكە لە وڵاتی ئێمە كە بووی بە ئۆپۆزسیۆن یاسا پێتناوێرێت، وە ئەوە پێی دەگوترێت بێ یاسایی، شیرازە لەدەست دەرچوون. لە وڵاتێكدا ئۆپۆزسیۆن لە پێگەی خۆیدا دەتوانێت كاریگەر بێت كە حكومەت بەسەر هەموو ناوچەكانی وڵاتدا بتوانێت یاسا جێبەجێ بكات، ئینجا پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆنێكی هێند بەهێزت هەبێت كە حكومەت نەتوانێت ستەم لە هاووڵاتیان بكات و لە بزووتنەوەی سیاسی بكات تا بەرەو دیكتاتۆری بڕوات. لە وڵاتی ئێمەدا ئەو بەڵانسە درووستنەبووە.
پ/ زۆرجار دەبینین ڕاگەیاندن ڕۆڵی دامودەزگای حكومی و داواكاری گشتی و مامۆستای ئاینی دەگێڕێت، هۆكار چیە؟
سەرۆ قادر/ لە نەزانیی لێپرسراوان و دەزگاكانی ڕاگەیاندنەوە دێت. مەبەستم ئەوەیە كە نازانن، نەك ئیهانە بكەم. یەكێك نەیخوێندبێ و دامودەزگایەكی گەورە بەڕێوەبەرێت، تۆ پێتوایە ئەم بابەتەی ئێمە بە سەرەتایی باسمانكرد لێی تێبگات؟ یەكێك بەرپرسی دەزگایەكی ڕاگەیاندن بێت تاقەتی نەبێت ساڵی كتێبێك لە بواری خۆی بخوێنێتەوە، زمانێكی زیندوو نەزانێت بە غەیری زمانی كوردی كە ئیشی پێ بكات، ئەو كەسە چۆن دەتوانێت ڕابەرێكی باشی ئازادیی ڕاگەیاندن بێت؟ ئینجا لە بزووتنەوەی سیاسیی كوردستان، ڕاگەیاندن بەشێك لە كاری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد بووە، ئێمە شانازیمان بە (بارزانی مەلا خالید) دەكرد، بە دەنگ و بە وێنەكەی لەبەر ئەوەی لەشاخ لە شۆڕشی ئەیلوولەوە تا دەگاتە ڕاپەڕین دەنگی ئەو خەڵكی هان دەدا لە دژی دامودەزگای حكومەتی داگیركەر، كە ڕاپەڕین بوو دوای راپەڕین یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی وڵاتی ئێمە ئەوە بوو كە حزب مانەوە، وە حەقی حزبەكان لە یاسا جێگیركرا كە دامودەزگای ڕاگەیاندنیان هەبێت. حزبێك كە دامودەزگای ڕاگەیاندنی هەیە بە مانای تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە و ئێستاش تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئەو حزبە بە پێی بەرژەوەندیی حزبەكەی بەكاریدێنێت، كە بەكاریدێنێت دەبێتە ئەو جەنگی تاریكی بێ سەروبەر كە ئێستا لە نێوان حزبەكانی كوردستاندا هەیە، چ لە تەلەفزیۆن و ڕۆژنامەكان و سۆسیال میدیاشدا. لێپرسراوان و كاربەدەستانی ناو ڕاگەیاندنی حزبەكان كادیری حزبەكانن بۆیە هاندەدرێن، تان دەدرێن بۆ ئەوەی بە پێی بەرژەوەندیی حزبەكە چیان پێ دەكرێت بیكەن، وە جاری وایە بە شێوەی نایاسایی حزبەكە پێیان دەڵێت بیكە لەبەر ئەوەی حزب بەرگریت لێ دەكات وە یاسا بە حزب ناوێرێت.
پ/ ئەوە ناگەڕێتەوە بۆ میدیای سێبەر كە دوای 2001-2002 درووستبوو؟
سەرۆ قادر/ میدیای سێبەر ئەنجامەكەی ئەوەیە كە ئێستا من گوتم، میدیای سێبەر و ناسێبەر ئەوەیە كە ڕاگەیاندن لە دەستی حزبدایە نەك لە دەستی دامودەزگای سەربەخۆ كە بە پێی یاسا كاربكات. لەم ڕۆژەدا كە ڕۆژی بەرگرییە لە ئازادیی ڕۆژنامەگەری دەبوو لیژنەیەكی وەكو تۆ هەبوونایە گوتبایان ئەمڕۆ دەگەڕێین بە دامودەزگاكانی ڕاگەیاندن پرسیابایان چەند لە ئێوە مۆڵەتی یاساییتان هەیە؟ هیچیان! تۆ خۆت لە چەند دامودەزگا كارت كردووە كە دێیە ژوورەوە چاوت بە مۆڵەتەكەی كەوتبێت كە بە دیوارەوە هەڵواسراوە؟ كەواتە بێ یاسایی بنەمایە بۆ كاری ڕۆژنامەنووسی لە كوردستان بە شێوەیەكی ناخودئاگا. كە تۆش كادیرێكی حزبێكی حزبەكەت ئاراستەت دەكات، بە پێی یاساش كار ناكەن، وە ئەو مێژووەش لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستاندا هەیە، ئەمانە هەمووی كۆكەوە، لەگەڵ بەشی یەكەم كە باسمكرد كاتێك لە 1991 ڕاپەڕین بوو، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاتنە كوردستان، فاشیزمیان پاڵ پێوەنا و داوایان لە كوردستان كرد ڕەوتی خۆیان بە پێی ئازادی و مافی مرۆڤ دەستپێبكەن، وە ئێمە لەو بارودۆخی تێگەیشتنی ئەوكاتدا بووین، لەگەڵ ئەو هۆكارانەی تر، ئەم بارە خراپەی لێ درووستبووە كە ئێستا لە كوردستان هەیە. بارەكە خراپە باش نیە، زۆرجار دەزگاكانی ڕاگەیاندن زانیارییەكانیان ڕاست نین، لە هەمووی مەترسیدارتر حەزی ئەوەی پێی دەگوترێت “وروژاندن یان ئیسارە” بووە بە كێبەركێ لە نێوان ڕۆژنامەنووسان. كابرا لە ستیۆدیۆ دادەنیشێت بابەتێك دەوروژێنێت كە ئەو بابەتە لە دەرەوەی ستۆدیۆ دەبێتە هۆی كێشەی كۆمەڵایەتی. ئەوە نیشانەی نەزانیی ئەو ڕۆژنامەنووسەیە. نەزانییەكە چیە؟ ئەوەیە كە وەكو ئینسانێكی نۆرماڵ نیە، نەك ئینسانێكی زۆر ساغ و سالمیش.
پ/ ئەوە لە پێناو چیدایە؟ لە پێناو لایك و بینەری زیاتردایە؟
سەرۆ قادر/ لە پێناو هەرچیدابێت، لە پێناو پارە بێت، لەپێناو حزبەكەی بێت، لەپێناو لایك بێت. ڕۆژنامەنووسی زۆر ناودار هەیە لە ناو بەرنامەدا پێیم گوتووە بۆ وادەكەی؟ گوتویەتی من لەگەڵ شەقامدا دەڕۆم. لە هەموو دونیادا شەقام واتا نەزانی، واتا حەشد، ئەوانە هەموویان نەزانن، دەبێت یاسا هەبێت جێبەجێیان بكات، دەبێت زانا هەبن ڕێبەرییان بكات، دەبێت ڕۆشنگەر هەبن پێیان بڵێن پەلامار مەدەن.
پ/ كەواتە شەقام میدیای ئاراستە كردووە؟
سەرۆ قادر/ بەڵێ. هەموو وادەكەن. كە دەڵێن فڵان تەلەفزیۆن یان ڕۆژنامە، یان فڵان پەیجی ئینتەرنێت زۆرترین بینەری هەیە ئەوەیە كە تەسلیمی جاددە بووە، وە جاددە یانی هیچ. یانی كەس هیچی پێنیە. لە جاددەدایە كە حەشد (ئاپۆرای خەڵك) بێنە هەر جاددەیەك دەیسووتێنن، بچنە تەنیشت هەر بانكێك دەیبڕن، بەرەنگاری یەكتر ببنەوە یەكتر دەكوژن، تۆ ڕاگەیاندن دەكەیە عەرەبانە بەدوای ئەو ئاپۆڕەوە؟ ڕۆژنامەنووسێك یان بەڕێوەبەرێكی ڕاگەیاندن یان لێپرسراوێكی سیاسی ئەو ڕوانگەی بێت، ئەمە نەزان نیە؟ ئەو نەزانییە بەسەر بزووتنەوەی سیاسی و دامەزراوەی دەوڵەت و حزبەكانی كوردستان و خودی ڕۆژنامەنووسەكانی كوردستاندا زاڵە.
پ/ میدیای ئێمە فەرهەنگی درووستكردووە؟ فەرهەنگی كۆمەڵگەیی؟
سەرۆ قادر/ فەرهەنگ بریتییە لە ڕێوڕەسمی ژیان. جاری وایە ڕێوڕەسمی ژیان هەڵەیە پێی دەڵێن فەرهەنگێكی خراپ، جاری وایە ڕاستە. بۆنموونە كاتێك لە ناوچەیەكدا بە لێبووردەیی و هەبوونی مافەوە مامەڵە لەگەڵ یەكتری بكەن، ژن ناكوژن، پەیڕەوی ئاینەكان فەرق و جیاوازی ناكەن، كێشەكان بە تێگەیشتن و یاسا چارەسەر دەكەن، دەڵێن ئەوە فەرهەنگ و كلتوورێكی باشە. پێچەوانەی ئەوە كوشتنی تێدایە، ڕاونانی تێدایە، تەكفیری تێدایە، دەڵێن فەرهەنگێكی خراپە. خودی وشەی فەرهەنگ یان كلتوور شتێك نیە لەخۆیدا ڕاست بێت. وەكو بەها، بەها هەیە زۆر ئینسانییە، وەكو ڕێزگرتن لە ئازادی، بەها هەیە دژی ئینسانە وەكو كوشتنی ژن، وەكو جیاوازی لە نێوان پەیڕەوانی ئاینەكان، كەواتە دەبێت ڕۆژنامەنووس ئەو شتانە باش تێبگات، دەنا هەر جووڵە بكات، وەكو ئەوە وایە كە تۆ شمشێرێكی دوو دەمی تیژت دابێتە دەستێكی شێت، لە خۆیشی دەدات و لە كۆمەڵگەش.
پ/ لە كوردستان ڕووداوی كوشتن و توندوتیژی خێرا دەبێتە هەواڵی بەپەلە، ئەوە دەشێت بڵاوبكرێتەوە؟
سەرۆ قادر/ هەندێكیشی بێ یاساییە، گەر لە وڵاتەكەدا كۆنترۆڵی یاسایی هەبێت زۆر لەوانە دەگیرێن، بەڵام نیە. لە وڵاتی ئێمە تاكو ئێستا سیستەمی یاسایی، سیستەمێكی زیندووی سەربەخۆ نیە بەدواداچوونی كاری خۆی بكات. زۆر جار كێشە هەیە، ڕووداوی گەورە هەیە كە سەلامەتیی سیاسی یان بەرژەوەندیی وڵات دەخاتە مەترسییەوە، دەبێت مانگێك خەریك بن تا داواكاریی گشتی دەجوڵێت، كەواتە خودی سیستەمی یاسا كە وەزارەتی داد و ئەنجوومەنی دادوەری لێی بەرپرسە، سیستەمێكی ئۆتۆماتیك نیە چاودێری بكات. دەنا ئەوەی ڕۆژانە بڵاودەبێتەوە دەبێت لێی بپرسرێتەوە. كاتێك ڕاگەیاندن لە هیچ شوێنێكەوە لێپرسینەوەی لێ نەكرێت، ئەوكاتەیە كە هەموو شتێك دەكات. كاتێك كە خۆی دەكاتە عەرەبانەی جاددە، بۆیی شەعبییەتی زۆر بێت، گرنگ ئەوەیە كێ زۆرتر سەیری دەكات. دەنا هەندێك هەواڵ بڵاودەبێتەوە لەسەر منداڵ و ژن و توندوتیژی، قەدەغەیە لە میدیادا بڵاوبكرێتەوە. بۆ؟ یەك، كەرامەتی ئینسانیی ئەوانە دەخاتە مەترسییەوە. دوو، لەڕووی سەلامەتیی دەروونییەوە بۆ كۆمەڵگە هەندێك دیمەن هەیە نابێت پیشان بدرێت، ئەوە بەشی پزیشكی دەروونی و سەلامەتیی كۆمەڵایەتی و یاسا دیاریدەكەن. ئەوەشە كەوا لە وڵاتانی پێشكەوتوو كە تۆ گوتت ئەو گۆڤارەی لە فەرەنسا كەوتە بەر پەلامار، ئێمە بیناكەمان بینی كە كەوتبووە بەر پەلامار، بەڵام كوژرانی یەك یەكی كاریكاتێریستەكانمان نەدی، خۆ هەیانە بەڵام پیشانیان نەدا، بۆ؟ چونكە ئەو كەسەی كە تا دوێنێ خاوەنی ئیرادەی خۆی بوو و ئێستا غەدری لێكراوە و مردووە، وە ئینسان كە دەمرێت بەوپەڕی بێنازی و بێحورمەتی دەكەوێتە سەر زەوی نابێت نیشانبدرێت. ئەوە ڕێزگرتنە لە مرۆڤ. هەروەها هەر مرۆڤێك ئەو دیمەنە ببینێت باری دەروونی زۆر بریندار دەبێت. سێ، كەسانێكی یەكجار زۆر لە كۆمەڵگە هەن منداڵن یان باری دەروونیان خراپە، ئەوانە زیانیان پێدەگات. ڕۆژنامەنووسەكان لە وڵاتان ئەوە دەزانن و خۆیان پیشانی نادەن. لە وڵاتی پێشكەوتوو یاسا بەشێكە لە ژیانی خەڵك وە ڕۆژنامەنووس لە چوارچێوەی یاسا كاری خۆی دەكات. بەزاندنی یاسا بریتییە لە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ، ئینجا پێشێلكردنی سیفاتی خودی ئەو كەسەش. ئەو كەسە ئینسانێكی زۆرماڵە كە بە پێی یاسا جوڵە بكات و مافەكان بپارێزێت، ئینجا ئەو پەیامەی هەیەتی بیگەیەنێت. وە ئەو پەیامە باش بزانێت، لێی زانا بێت، بتوانێت بیڵێتەوە. ئینجا دوای ئەوە خودی ڕۆژنامەنووس كەسایەتی دەكەوێتە مەترسییەوە، كەسایەتی دەبێتە كەسایەتیی نەخۆشی شێواوی نەزان، كاتێك ئەو پرەنسیپانە و ئەو زانیارییانەی نەبێت. هەربۆیەشە لە وڵاتی ئێمەدا دوای سی ساڵ، لە هیچ شوێنێك خەڵك نابینی كە بڵێن ئەو ڕۆژنامەنووسێكە لە فڵان بوارەدا زۆر كاریگەر بووە، ئینجا ئەو بوارە بواری ژنان بێت، بواری مافەكانی مرۆڤ بێت، بواری نەتەوەكان و ئاینەكان بێت … دەڵێن ئەوە فڵان كەسە لە تەلەفزیۆن، زۆر دڕە! زۆر پەلاماردەرە. ئەوە بۆ نەزانیی كۆمەڵگە و خودی ڕۆژنامەنووس دەگەڕێتەوە. ڕۆژنامەنووس لە وڵاتان هەیە كە دەچێتە شوێنێك ڕێزی دەگرن لەبەر ئەو ڕۆڵەی گێڕاویەتی، نەك لەبەر ئەوەی زۆر دڕ و پەلاماردەرە و خەڵك تێكبەردەدا لە سەر مێز. لەبەر ئەوەی لە دەرەوەی ستۆدیۆكە خەڵك گوێی لێ دەگرن، حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار گوێی لێ دەگرن، كاریان لەسەر دەكات بەرەو باشە و چارەسەكردنی كێشە. ئەركی ڕاگەیاندن گەیاندنی زانیارییە تا هاووڵاتیانی وڵاتەكە بتوانن بە ئاسانی و بە خۆشتر بژین.
پ/ چارەسەر چیە ؟
سەرۆ قادر/ دونیا لەسەر ئێمە ناوەستێت. پێشكەوتنی تەكنیكی هەروا زیاد دەبێت. ئەو پێشكەوتنە زۆر باشە، توانای مرۆڤ زیاد دەكات بۆیی زانایی و ئازادی زیاتر بێت. بۆنموونە تۆ لە هەر شوێنێك پەلامار بدرێی دەتوانی بە لایڤ مۆبایلەكەت بكەیەوە ژمارەیەكی زۆر خەڵك دەیبینن و تۆماریش دەكرێت. ئەوە زۆر باشە چونكە توانای تۆ بۆ خۆپاراستن زیاد دەكات بەڵام كاتێك لە چوارچێوەی وڵاتدا بەو وەسفەی كە من بۆ وڵاتی خۆمانم كرد، بەو پەرتەوازەیی و ناپێگەیشتووییەی لە دامەزراوەی حكومەتدا هەیە، بەو تەقلید و ڕێوڕەسمانەی كە بزووتنەوەی سیاسی و حزبەكان دەیكەن، هەموویان تێككەوە سەبەتەیەكی زۆر نابابی لێ درووست بووە، كە وەزیفەی سەبەتایەتی خۆی لە ناو كۆمەڵگە باش ئەنجام نادات. بێسەروبەرییەك لە پەیامی ڕاگەیاندن لە كوردستان حزبەكان لە پشتییەتی، ئامانجی حزبەكانی لەپشتە. وە تا ئێستاش حزبەكان لە حكومەت بەهێزترن، ئەوە حكومەت نیە دەتوانێت حزبەكان ڕێكخات، ئەوە حزبەكانن دەتوانن حكومەت لە پەلوپۆ بخەن، ئەوە پەرلەمان نیە یاساكان باش دانێت، ئەوە حزبەكانن دەتوانن بە پێی ڕوانگەی خۆیان لە ناو پەرلەمان یاسا دانێن. ئەمە نوخبەی سیاسیی پێگەیشتووی ناو بزووتنەوەی سیاسییە كە حزبەكان و ڕێكخراوەكان و كەسانی سەربەخۆی سیاسییش هەنە كە لەناو حزبدا نینە كاردەكەن، ئەوانەن كە وڵات بەرەو باشی دەبەن، شانسی ئەو میللەتە ئەوكاتەیە كە نوخبەیەكی سیاسیی زانا، زانایی ئینسان دەگێڕێتەوە بۆ بەرپرسیارەتییەكی كۆمەڵایەتی، بەرپرسیارەتیی كۆمەڵایەتی بنەمای ڕەوشتی لای مرۆڤ بەهێزدەكات، ئەوكاتە ئینسان زۆر پابەند دەبێت، ئەگەر میللەتێك نوخبەی سیاسی لەو جۆرە بێت و بەرەو پێشەوە بچن، شانسی پێشكەوتنی لە هەموو بوارەكان یەكجار زۆرە. وە ژمارەیەكی كەمی وڵاتان كە لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا زۆر پێشكەوتوونە، نوخبەی سیاسییان لەوشێوەیە بووە. بۆیە دەڵێم نوخبەی سیاسی، چونكە ئەوە ناوە ڕاستەكەیە، حزبێك و دوان ناگرێتەوە، هەمووان دەگرێتەوە، هەموو ئەو كەموكوڕییانە بۆ نوخبەی سیاسی دەگەڕێتەوە، ئەوانن كە لە نێو حزبەكانن و لە ناو دەمودەزگای حكومەت و راگەیاندن و سۆسیال میدیا و لە پەناو و پەسیودا ئەو پشێوییە دەنێنەوە.
پ/ چۆن لە چنگیان ئەوە دەردێندرێت؟
سەرۆ قادر/ دەرهێنان نیە. دەبێت ئێمە پڕۆسەی ڕۆشنگەرییەكی بەهێز دەستپێبكەین. هەر ئەو قسانەی ئێستا من و تۆ دەیكەن، لەوانەیە خەڵكێك گوێی بدەنێ و لایەنە باشەكەی وەرگرن، دووەم، دەبێت داوا لە پەرلەمان بكرێت یاساكانی خۆی باش ڕێكخات، دەوری خۆی باش بگێڕێت. داوا لە حكومەت بكات، حكومەتی پێشكەوتنی بەردەوام بێت، حكومەتی كۆنتڕۆڵی زیاد لە سنووری یاسایی نەبێت. داوا لە بزووتنەوەی سیاسی بكرێت كە دەرگەی ئیسڵاح و چاكسازییەكی باش لە ناو بزووتنەوەی سیاسی لە خۆیان بكەنەوە. چاكسازی لە ناو بزووتنەوەی سیاسی ئەوەیە ڕێگە بە نەوەی نوێی شارەزای زانای خاوەن خیبرە بدرێت كە لاقێكیشی لە ناو ئەزموونی كۆنی دایە. واتا كۆمەڵگە دانابڕێت، بۆنموونە گەنجان دەڵێن ئەوەی ڕۆی هەمووی نەزان و گەندەڵە، ئێمە دەیكەین، خۆیشیان هیچ ڕابردوویەك و مێژووێك و شارەزاییەك لەگەڵ خۆیان ناهێنن، هەر ئەوەیە بارودۆخێكی خراپ درووستدەبێت لەنێو حزبەكان بێت یان حكومەت و پەرلەمان و سۆسیال میدیا بێت. بۆیە دەبێ تێكڕای ئەو پڕۆسەیە بخەینە بەردەمی ڕەخنە. وە ئەو كەسانەی ڕەخنە دەگرن دەبێت ڕوانگەیان دیاربێت، دەبێت زانا بن، وە دەبێت ڕاگەیاندن دەرگا بۆ كەسانی ئەكادیمی و زانا و بە خیبرەی ناو كۆمەڵگە بكەنەوە، كە بابەتی ئازادی و یاسا و ئەو كێشانەی تۆ لەگەڵ منت باسكرد باس بكەن، لەلایەك شارەزا بن لە هەندێكی، وە توانایی گەیاندنیان هەبێت، هەروەها بە بەرپرسیارەتییەوە باسی بكەن، چ لە پەیجی خۆیان بێت یان لە تەلەفزیۆن بێت یان لە كۆڕ و كۆبوونەوە و دەرس گوتنەوە بێت. بەوە نەبێت شتێك بە ناوی ڕیفۆرم لەو بوارە فراوانەدا سەرناگرێت.
سەرچاوە: ئەرشیڤی ماڵپەڕی سەرۆ قادر