جەنگی سێیەمی سەلیبی وسەلاحەددینی ئەییوبی و بێبەشکرانی کوردستان لە سەدەی بیستەمدا سەرۆ قادر
جەنگی سێیەمی سەلیبی وسەلاحەددینی ئەییوبی و بێبەشکرانی کوردستان لە سەدەی بیستەمدا
سەرۆ قادر
هۆكارەكانی ئەو دابەشبوونە سەخت و بێ ناسنامەیەی كە كۆلۆنیالیزم بۆ كوردستانی كرد، دەبێت چی بن ئەگەر لای خۆمانەوە بمانەوێت شتێكی لێ تێبگەین، لەو بوارەدا من یەكەباری خۆم نە بیستوومە و نە وەڵامێكی ڕوونم وەرگرتووە پێموایە ئێمە هەموومان كەم و زۆر لێك نزیكین. وە بۆچی بەلای منەوە گرنگە كە بەدوای ئەو بابەتە بكەوین. ئەگەر ئێمە لەوە تێبگەین بۆ ئەوە نیە بۆ مێژووی خۆمان بگریەین یان ئەسیری مێژوو بین، تەنیا ئەوەندە قیمەتی هەیە كە لێی تێبگەین بۆ ئەمڕۆ. واتا ئەگەر دەرسێكی تێدابێت و رەگوریشەیەكی تێدا بێت، لەو رەگوڕیشانە تێبگەین.
لە ساڵی 1140ەوە ئەوكاتەی كە زەنگییەكان و دوای ئەوەش ئەییوبییەكان بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فەرمانڕەواییان یەك لە دوای یەك دەستپێكرد، لەوكاتدا فەرمانڕەوایی سەلجوقییەكان لە بەشێكی زۆری ئاسیای ناوەڕاست یان ئەوەی پێیدەگوترێت ئەنادۆڵ زاڵ بوون، لە ناوچەیەكی كەمیش دەهاتەوە سەر دەریای سپی ناوەڕاست، زەنگییەكان و دوای ئەوانیش ئەییوبییەكان تا دەگاتە میسر فەرمانڕەواییان دەكرد. سەردەم سەردەمی مەمالیك بوو. من پێموایە سەلاحەدینی ئەییوبی دەورێكی زۆر یەكلاكەرەوەی بینی لە یەكپارچەكردنی دینی و پاكتاوكردنی پێكهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی رۆژهەڵاتی ئیسلامی بە گشتی. ئەو دەورەی كە سەڵاحەددینی ئەییوبی بینی، دەورێكی لەرووی مێژووییەوە بۆدوای خۆی زۆر تێكدەر بوو (موخەریب بوو) چونكە هاوسەنگیی دینی و ئیتنیكی لە ڕۆژهەڵاتدا تێكدا، لەكاتێكدا ڕۆژهەڵات خۆی لانك و سەرچاوەی ئاینە ئاسمانییەكانە و وە ژمارەی پێكهاتەكان لەو ناوچەیە یەكجار زۆر بوونە، وە دوایی جێی بایەخی ئەوروپا و دەوروبەریش بووە واتا دەوروبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەبەر ئەوەیە من دەگەڕێمەوە بۆ ئەوكات.
تا سەرهەڵدانی دەسەڵاتی سەڵاحەددینی ئەییوبی، كورد هیچ دەنگوباسێكی نەبوو، نە فەرماندەیەكی سەربازیی گەورەی هەبوو، نەك فەرمانڕەوایەكی هەبوو، وە نە جێی باسیش بوو. بەشێوەیەكی جددی لەوكاتەوە كورد ناوی كەوتە سەر قایمەی باسكردن كە سەڵاحەددینی ئەییوبی وەكو سەردارێكی مسوڵمان لە كوردستانەوە بەڕێكەوت، لە میسر فەرمانڕەوایی بەدەستەوە گرت، وە لەگەڵ دەستپێكردنی فەرمانڕەوایی خۆی لە ڕەگوڕیشەی كۆمەڵایەتیی خۆی، گۆڕانكارییەكی زۆر خێرای بەسەرداهات، چونكە سەڵاحەددینی ئەییوبی لە خێزان و دەوروبەرێكی سۆفیدا دەژیا، بە تایبەتی لە منداڵیدا كە لە باعەلبەگ بوون، باوكی و دەوروبەری و مامی زۆر هەوڵیاندا پەروەردەیەكی سۆفییانەی زۆر پوختی بكەن. ئەوكات سۆفیگەری یان تەسەووف لە كوردستاندا بەشێوەیەكی خێرا لە پەرەسەندندا بوو، بەشێوەیەكی ئەوتۆ كە تابیعی ئاینی ئیسلامی لە كوردستان تەعدیل كردبوو لەوشێوەی كە لە بەشی عەرەبی و بەشی فارسی و سەلجوقی ئەو توندوتیژییەی نەبوو، وە لە زۆر ناوچەی كوردستانیش پێكهاتەكانی كۆنی پێش ئیسلامیش مابوون، جار جار تێكەڵ دەبوون، هەندێك گۆڕانكاریی زەمانیان بەسەردا هاتبوو، وە هەندێك لەوانە هەڵگەڕانەوە بۆ ئەسڵی دینی خۆیشیان ڕوویدەدا. یان هەر دینی ئێزدی و یارسان و كاكەیی كە لە كوردستان درووستبوون، لە حەقیقەتدا هی ئەو پڕۆسەیەن و هی ئەوكاتیشن.
سەڵاحەددینی ئەییوبی وەكو زۆر لەو سەركردانە و كەسایەتییە كاریگەرانەی ئەوكات لە دەرەوەی زیاتر لە میللەتێك لە ناوچەیەكی گەورە گۆڕانكاریی گەورەیان بەسەردا دەهات، بەسەر سەلاحەددینیشدا هات. ئەویش ئەوەیە لەگەڵ ئەوەی خەڵكێكی زۆری جەنگاوەری لە كوردستانەوە لەگەڵ خۆی بردبوو، وە ئیستفادەكردن لە پەیوەندییەكانی تەسەووف لە هاندان بۆ چەكداربوون و تێكەڵبوون لەگەڵ سوپاكەی ئەو دەورێكی یەكجار زۆری هەبوو. ئەو شێواز و میكانیزمەی ئەو تا كۆتایی ژیانی هێشتەوە. وەك بایەخدان بە تەكیە و خانەقاكان وە سۆفییەكان كە دەنگیان دەڕوات لە كوردستان، چ ئەوانەش كە بەشداربوون هەڵبەت دواتر لە شام و میسریش هەوڵیدا ئەو دامەزراوانە درووستكات. بەڵام ئەوەی سەڵاحەددین ئەسڵەن بەلایەوە نەچوو، بیر و ڕا و قەناعەتی سۆفییانە بوو، بەپێچەوانەوە زۆر بەخێرایی گەڕایەوە بۆ مەزهەبی سوننی شافیعی زۆر توندڕۆ، بەشێوەیەكی ئەوتۆ گەیشتە ئەو باوەڕە كە دەبێ هەرچی مەزهەب و بیروباوەڕی غەیری شافیعی هەیە، ئەگەر كەمێك تەنازولی كردبێت، غەیری سوننی ئەسیڵ دەبێت لەناویان بەرێت. هەر ئەوە بوو كە لە میسریش بەخێرایی دەوڵەتی فاتیمی لەناوبرد و دەستی كرد بە قەڵاچۆكردنی فاتمییەكان كە دەڵێن ئەوانە لقێك بوون لە تەشەییوع بەڵام لە حەقیقەتدا فاتمییەكان بەشێكی ئیسماعیلییەكانی نزاری بوون. وە ئیسماعیلییەكانیش مەزدەكی بوون. بە وەرگرتنی ڕوخسار و هەندێك باوەڕی ئیسلامیش. لە هەموو حاڵەتێكدا سەلاحەددینی ئەییوبی كۆتایی بەوان هێنا، با لەوە گەڕێین كە چۆن هات و شاریشی گرت دوای مردنی نورەدینی زەنگی دەستیكرد بە بڵاوكردنەوە و پەرەپێدانی فەرمانڕەواییەكەی.
فەرمانڕەواییەكەی، ئێمە لە ناو كورددا كە دەڵێین ئەییوبی پێمانوایە فەرمانڕەواییەكی كوردیی دینییە، لە حەقیقەتدا، هیچ وانیە. سوپایەكی كوردی بۆ فەرمانڕەوایەكی ئیسلامی عەرەبی بوو، هیچ ناسنامەیەكی دیكەی لەسەر ناگونجێت. بۆیە بەكارهێنانی جەنگاوەری كورد بوو بۆ ئەو نیەتەی لە حەقیقەتدا یەكدەستكردنی جیهانی ئیسلامی و كۆتاییهێنانی بە دین و پێكهاتەكانی دیكە بۆ ناو پێكهاتەی زمانی و دینی عەرەبی كە بە فەرمانڕەوای ئیسلام بەڕێوە دەبردرا. سەڵاحەددینی ئەییوبی لە كۆتاییدا حەوت دەوڵەتی بچووكی مەسیحی لە كاتی جیاجیادا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئاسیای بچوك لەناوبرد، داگیری كردن، كوشتاری كردن، ژن و منداڵەكانی دەكردن بە سەبییە، ئەوەی كە بە سەڵاحەددین دەگوترێت موتەسامیح بووە تەنیا لەو گفتوگۆیەدا بووە كە لە گرتنی ئۆرشەلیمدا لەگەڵ پاشای ئەوێندەرێ بووە كە بۆ تەبعی مناوەرەچێتی سەلاحەددینی ئەییوبی دەگەڕێتەوە كە ئێمە ئەگەر شەخسییەتی ئەو وەك دیراسەكراوە بكۆڵینەوە باش تێدەگەین كە پەیوەندی بە تەساموحەوە نەبووە.
ئەوە وایكردووە كە شەڕی سەلیبی سێیەم ڕووبدات، ئەو شەڕە بە شكانی جەبهەی مەسحییەت تەواو بوو، وە مێژووەكەشی دوور و درێژە. ئەو یەكدەستكردنە ئەو شەرقەی بۆ ئێمە بەجێهێشت كە ئێستا دەیبینین، ئەگەر ئەو یەكدەستكردنەی سەلاحەددینی ئەییوبی نەبوایە لەوانەبوو مێژووی كاریگەرێتی ئاینی ئیسلام لە ڕۆژهەڵات و ئاسیادا وەكو ئێستا نەبێت، بەو زاڵبوون و سەلەفییەتەی ئێستا ئێمە تێیدان، بێگومان بە رەوتێكی دیكەدا دەڕۆیشت. ئەو گۆڕانكارییانەی كە لە زەمەنی عەباسییەكاندا بەسەر ئاینەكەدا هات وە ماوەی مەمالیك و ئەو هەموو مەزهەبانەی لێی جیابوونەوە، وە سەلاحەددینی ئەییوبی كارێكی دیكەشی كرد، لە زەمانی خۆیدا تەقریبەن زەمینەی رووخاندن و تێكشكاندنی مەمالیكیشی ئامادەكرد، بەو زەمینەیە دوای ئەوە بە ماوەیەك سەلجوقییەكان و دوای ئەوانیش ئیمپراتۆری عوسمانی دروستبوو كە هەموو جیهانی ئیسلامی یەكدەست كرد و هەوڵیدا یەك مەزهەبیشی بكات. هەڵبەت ئەمە هەمووی لەرووی مێژووییەوە بۆ باوەڕدارانی مەسیحی لە ئەوروپا و ئێرە گۆرینێكی ئەوتۆ بوو كە گەڕانەوەیەكی تێدانەبێت بۆ پێكهاتەی مەسیحی بە هەموو مەزهەبەكانیان و میللەتەكانیان. ئەو دوژمنایەتییەی لەنێوان شارستانیی ئیسلامی و مەسیحی درووستبوو وە تاكو ئێستاش كاریگەری لەنێو بیر و باوەڕەكاندا ماوە لە ڕاستیدا بەشێوەی سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ دەوری سەڵاحەددینی ئەییوبی، هەربۆیەش لێرەدا پاس دەدەم. كاتێك كە كۆلۆنیالیزم گەڕانەوە بە قۆناغی نوێی مۆدێرن، بەو پێشكەوتنی زانستی و تەكنەلۆژی و عەسكەری وە فراواخوازیی نوێی كە ئەوروپا دەیویست بە تایبەتی فەرەنسا و بەریتانیا، جاری یەكەم بە ناردنی رۆژهەڵاتناس و ژمارەیەكی زۆر مەئموری تایبەت بۆ ناسین و دیراسەكردنی نوێ، وە لەوەدا من یەك نمونە گەر وەربگرم هامفێر زۆر بە وردی باس لەوە دەكات كە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا وە پەیمانگای پێگەیاندنی كەوادر بۆ رۆژهەڵاتناس چۆن دەرسیان داون و چ وەزیفەیەكیان پێ سپاردوونە، وەزیفەی ئایدۆلۆژی بۆ ئاینی مەسیحی، بۆ بەریتانیا. وە كاتێك هاتوون لە شەرق ماونەوە، ئەوانەی رێیان لە كوردستان كەوتووە بە هیچ شێوەیەك، تەعریفێكی ئەوتۆ لەسەر كورد و سەركردەكانی لە ئەواندا نابینین كە بەراورد بكەن لەگەڵ ئەوەی لە ناو عەرەب و تورك و پێكهاتەكانی دیكە دەیكەن. جۆرێك لە داخ بەرانبەر بە كورد لە ئاساری ئەوانیشدا بەدی دەكرێت. نموونەیەكی تر كاتێك كە سوپای فەڕەنسی گەیشتە دیمەشق، بەناوبانگە جەنەراڵ گۆرۆ چووە سەر گۆڕی سەڵاحەددینی ئەییوبی وە خیتابەكەشی بەناوبانگە بە شەق لە گۆڕەكەی دەدا و دەیگوت دەرمكردن و نایەنەوە، دە ئەوە ئێستا هاتینەوە. ئەم قسەیە مانایەكی مێژوویی زۆر زۆر ڕوونی هەیە، وە ئەو تەحەدایە هەم بۆ ئاینی مسوڵمانە وە هەم رووی لەو پێكهاتەیە كە سەڵاحەددین سوپاكەی خۆی لێ پێكهێنابوو وە شەڕی پێدەكرد.
كاتێك كە عێراق و سوریا درووستكران، فەرەنسا سووریای كردە چوار دەوڵەت لە ناو خۆیدا بەڵام هیچ یەك لەو دەوڵەتانە بۆ كورد نەبوو، بۆ عەلەوییەكان و پێكهاتە جیاجیاكان بوو كە لە ئەسڵدا عەرەبینە، لە عێراق سیاسەتێكی دیكە بوو. وەك دەزانین كاتێك بەریتانیا ڕووی لە عێراق كرد بە چەند قونەشەڕێك لە عوسمانییەكانی وەرگرتەوە، بڕیار بوو یەك دەوڵەتی یەكپارچە لە عێراقی عەرەبی پێكبێت، نەك دەوڵەتێك بە ناوی عێراق بەتەنێ. بە تایبەتی ئەوە لە نامەكانی مس بێل ناسراو بە خاتوون بە روونی دیارە. وە هەروەها لەو تەوجیهاتانەی كە سێر برسی كۆكس مەندوبی سامی بەریتانیا لە عێراقدا هەیە. لەو دانووستانانەش كە لەدوای شەڕی 1920 لە بەغدا دەكران بە مشورەتی مەندوبی سامی و مس بێل و هاوكارەكانیان پرس و رای هەموو كەسایەتییەكانی ناو بەغدا و موسڵ و بەسرا سەرۆكعەشیرەتەكانیان دەكرد، بەڵام یەكجاریش بەدوای یەك شەخسی كوردیان نەنارد كە مەشورەتیان پێ بكەن وا عێراقێك درووستدەكەن و پاشایەكیشی بۆ دێنن. وە من بە دیقەت لەسەر نامەكانی میس بیل راوەستام، بە یەك وشەش باسی ناكا. تەنیا لە كاتی راپرسیدا كە راپرسییەكی زۆر ناقسیان لە كوردستان كرد كە ئەو هەدەفەی ئەوان لەبۆیان راپرسییەكە دەكەن. لە 1918 بەولاوە لەشەڕی 1920 شیعە بەرەنگاری بەریتانیا (كۆلۆنیالیزم) بوونەوە، پاشی هەندێش قۆناغی درووستكردنی عێراق دەستیپێكرد. شێخ مەحمود و كوردیش بە رەمزیش بووبێت لە شەری 1920 بەشداربوون، هەردووك پێكهاتە لە پێكهێنانی عێراق و پێكهێنانی دەسەڵات لە ناو عێراق بێبەشكران هەم شیعە و هەم كورد. شیعە بێ بەش كران لەبەر ئەوەی سعودیە ئەوكات درووستنەبووبوو وە هەروەها سیاسەتی بەریتانیا بەرانبەر ئێران و شەڕی 1920ـیش هەرسێ فاكتەری ئەوە بوون كە شیعە هیچ حسابێكیان لە عێراقدا بۆ نەكرێت چونكە هیچ خزمەتی بەریتانیا ناكەن وەك ئەوە حسێبكران كە نەبن وە لە سعودیە و كوێتیش هەروا. وە كوردیش وەك نەبێت حسابی بۆ كرا.
كە عێراق پێكهات، وەك دەزانین لە بێ شەنسی بێت یان بەهۆی پێكهاتەی كۆمەڵایەتیی كوردستانەوە، شێخ مەحمود بە شەڕ لەگەڵ ئینگلیز بەرەنگار بۆوە نەك بە گفتوگۆ، ئەوەی دەیبینین بە پێچەوانەی شێخ مەحمود و هاوكارەكانی، لە ناو پێكهاتەی عەرەبی و توركی و ئەوانەی خەلیج و ئێرانی هەمیشە جۆرێك لە لێكتێگەیشتن و گفتوگۆ و بەرانبەر یەكتر وەستان و تێكۆشانیش ئەگەر هەبووبێت، لە بەینی سەركردەكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و دینی لەگەڵ ئینگلیز و فەرەنسا هەبووە، بەڵام شێخ مەحمود زیاتر لە دوای تێكشان پتر مەیلی ئەوەی هەبوو گفتوگۆ بكات. مەبەستم ئەوە نیە كە ئۆباڵ بخەمە ملی شێخ، ئەسڵەن لەلایەن ئینگلیزەوە نیازێك بۆ گفتوگۆ لەگەڵ كورددا نەبووە. بە تایبەتی ئەگەر ئێمە بیرەوەرییەكانی ئەدمۆندیز بخوێنینەوە كە نوێنەری سامی بووە لە سلێمانی، دەبینین كە بە غەیری نیازی سەركوت و ملپێكەچكردن و تەنزیمێكی ئیداری، هیچ شتێكی دیكە بۆ كوردستان پێنیە وە بۆ شێخ مەحمودیش پێنیە.
بە غەیری شێخ مەحمود دووەمین بزووتنەوەی سیاسی لە كوردستاندا كە بەرەنگاری ئینگلیز بووە كە شێخ ئەحمەدی بارزان و دواتریش مەلا مستەفای برایەتی، فەرقێك هەیە لە نیازی بەرەنگاربوونەوە لە بەینی شێخ مەحمود و شێخ ئەحمەد، شێخ مەحمود بە نیازێكی وازحەوە بە پشتیوانیی عوسمانی بەرەنگاری ئینگلیز دەبووەوە ، بەڵام شێخ ئەحمەد نا، بەرەنگاری عوسمانییەكان دەبوونەوە، وە ئەو عوزلەیی و گۆشەگیرییەی كە ناوچەی بارزان تێیدابوو، وە دووری وان لە موعادەلاتی سیاسی، لە حەقیقەتدا نە پێڕاگەیشتن، نە دەیانزانی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئینگلیز بكەن، لە نامەكانیشیان دیارە، كە نیازی ئێمە پاك بووە و لێمانگەڕێن ناوچەی خۆمان بەڕێوەبرین، وردە وردە ئەوە بووبە بزووتنەوەیەكی سیاسی و لە 1943 بەولاوە سەریهەڵدا.
كەواتە عێراق درووستبوو نیازی ئینگلیز و فەرەنساش وابوو بزووتنەوەی شێخ مەحمود لە سلێمانی و شێخ ئەحمەد لە سلێمانیش دیسان دەبێت كاریگەری هەبووبێت بەسەر بڕیاری یەكلاكەرەوەی ئینگلیز بەوەی بە هیچ شێوەیەك كوردستان نابێت هیچ ناسنامەیەكی هەبێت. كە دەڵێم ناسنامە باشترین تەعریفیان ئیسماعیل بێشكچی كردوویەتی، هەم لە كتێبەكانیدا هەم لەو دواییانەدا لە موحازەرەیەكی زانكۆی كوردستان كە من لەوێ بووم، من پرسیارم كرد لەوەوە زۆربەی كاتی خۆی بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە تەرخانكرد. ئەویش ئەوە بوو گوتی كاتێك كۆلۆنیالیزم ناوچەیەكی بەجێدەهێشت، سەنەدێكی بە جۆرێك بە جێدەهێشت كە ئەم پێكهاتانەی ئێرە بۆیان هەیە لە بارودۆخێكدا بە ریفراندۆم یان لە بارودۆخێكی دیاریكراودا بڕیار لە شێوەی ئیدارەی خۆیان بدەن. ئەمە پێیدەگوترێت ئەو ناسنامەیە یان ئەو سەنەدەی كە درایانێ كە پاش ئەوە پاشماوەی كۆلۆنیالیزم بۆیان هەبووە سەربەخۆییان هەبێت یان تێكەڵاو بن، هەر ئەوەش وایكردووە من لەو دواییەدا نمونەی سەنگافورە ئێمە لەسەر پێشكەوتنە ئابورییەكەیان لەسەری دەوەستاین، بەڵام لەرووی مێژووییەوە شارێكی كەمێك گەورەیان كە بە قەد پارێزگای هەولێرە، ئەو ناسنامەی درایە كە چارەنووسی خۆی دیاریبكات بە سەرپەرشتیی بەریتانیا، دەبێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ یان تێكەڵ دەبێت لەگەڵ چەند پێكهاتەیەكی دیكە. خەلیجیش وابوون، هەموو پێكهاتە عەشایەرییەكانی خەلیجیان، هەموویان ناسنامەی تایبەتیان دانێ، هەندێك بوونە دەوڵەت، هەندێكیش بوونە ئیتحاد ئەوەی لە ئیماراتدا هەیە، ئەمە هیچیان بە كورد ڕەوا نەبینرا، بۆ نەبینرا؟ من پێموایە جۆرێك لە سزادانی میللەتی كوردە، ئەو پێكهاتەیەی كە دەوری تەخریبی بینی لە یەكلاكردنەوەی دینی و پێكهاتەیی بە قیادەی سەڵاحەدینی ئەییوبی. دوایی كە كۆلۆنیالیزم گەڕایەوە هەموو هەوڵ و تەقەللایان ئەوەبوو بە نووسین و لە بۆنەكانیشدا باسی دەكەن، كە ئەوەی سەلاحەددینی ئەییوبی لە ناوچەكەدا بونیادی ناوە، دەیانەوێت بیگێڕنەوە دواوە و تەنزیمێكی تر بكەن. هەربۆیەش بایەخیان زۆر بە ژیانەوەی پێكهاتەكان دەدا. هەتا رۆژهەڵاتناسەكان و مەئمورە تایبەتییەكانیان كە هاتوون، بیرەوەرییەكانیان گەر بخوێنینەوە، زۆر بایەخ بە پێكهاتەكانی دینی و مەسیحی و غەیرە مەسیحی و عەرەب دەدەن لە ناوچەكەدا. وە ئەو سیاسەتە هەتا ئێستاش بەردەوامە.
هەر لەبەر ئەوە من دوو قسەی سیاسەتمەداری ئەم زەمانەی ئەوروپا بە شاهیدی دێنمەوە بۆ ئەم قسەیە. من لە جەنابی سەرۆك بارزانیم گوێ لێ بووە، لە ساڵی 1992 فرانسۆ میتران كاتێك كە دەیبینێت، گوتی زۆر بەداخەوە تەقسیمێكی زۆر زاڵمانە كراون، هێندە زاڵمانە تەقسیم كراون كە گێڕانەوەی كارێكی زۆر زەحمەتە، یانی قسە تێداكردنی بەو مانایەی ئەو تەقسیمە بە ئاسانی بگۆڕی زۆر زەحمەتە. هی دووەمیان ئەوەتا لەبەردەممە، لە ساڵی 2010 وەزیری دەرەوەی بەریتانیا سەردانی سەڵاحەددین- پیرمامی كرد، من ئەو قسەیەم لە سەرۆك بارزانی گوێ لێ بووە، دەڤید میلیمات جەنابی كاك مەسعود گوتی لەگەڵی باسی ئەو تەقسیمە و جۆێك لە موعالەجەیم كرد ئەگەر جۆرێك لە بیری سەربەخۆییمان هەبێت، ئەویش وەك میتران بە تەعاتوفەوە باسی ئەوەی كرد و گوتی حەقی خۆتانە بەڵام هیچ رێوشوێنێكی یاسایی لەبەردەست نیە كە ئەنگۆ حەرەكەی لەسەر بكەن، دوایی بە ئاخیری گوتی، ئێمەی بەریتانیان بە جۆرێك كوردستانمان تەقسیم كردووە كە بۆخۆشم سەرم لێی دەرناچێت، چۆن وا بە تەخریبانە تەقسیم كراوە، كە هیچ دەرگایەك نەماوەتەوە بۆ ئەوەی كورد بتوانێت حەرەكەیەك بكات. مەبەست لە دەرگا نەمان ئەوەیە كە لە یاسای نێودەوڵەتی دەبێ وەسیقەیەك هەبووبێت كە میللەتێك یان ناوچەیەكی جوگرافی بتوانێت دەرگایەك بكاتەوە باس لە چارەنووسی خۆی بكات، كورد نە وەكو پێكهاتە، نە وەكو ناوچەی جوگرافیایی، نە هیچ تەعریفێكی تری بۆ نەكراوە، وەك كە نەبێت وایە. بۆیەش تۆ دەبینی لە باس و خواسی نێودەوڵەتی بە غەیری ئەوەی كە پێكهاتەیەكی گەورەیە و تەقسیم كراوەتەوە، دەبێت حەلێكی بۆ ببینرێتەوە، بەڵام هیچ وەرەقەیەكی بەدەستەوە نیە. ئەو بێ وەرەقەیی و بێ ناسنامەییە بە دەقیقی لەلایەن بەریتانیا و فەرەنساوە ئەنجامدراوە كە لە دوو كتێبی ساڵی 2007 و 2011 نووسراون، تەواوم نەكردووە، بەڵام یەكێكیانم بە هاوكاریی حوسێنی كورد نەژاد بەدەست گەیشت و دوێنێ عەرەبییەكەشم بینییەوە، بە ناوی (خگ فی رمال) هی جیمس بار، ئەوەی تریان هی دەیڤد بە ناوی (ٍسلام مابعد سلام) هەردووكیان باس لە مەشورەت بۆكردنی بەریتانیا و فەرەنسا دەكەن بۆ دابەشكردنی عالەمی ئیسلامی، وە ئیمپراتۆری عوسمانی، وە مشور خواردن و بڕیاردان بۆ چارەنووسی هەموو ناوچە جوگرافییەكان و پێكهاتەكانیش كە لەو ناوچەیەدا هەن. سێیەمین مەوجی كە لە بەرژەوەندیی كورد نەبوو، بەڵام ئایا دەیتوانی ئیشێك بكات یان نا، ئەوەبوو كە دوای ساڵی 1920 بزووتنەوەكانی ڕزگاریخوازیی كوردستان، پەنایان بۆ ئایدۆلۆژیای سۆسیالیزم و كۆمۆنیزم برد، وە هیچ ئایدۆلۆژیایەكی دیكەش لە ناوچەكەدا نەبوو لەگەڵ ناسیۆنالیزمی حەقخواز، یەكتر بگرێتەوە. ئەوە بوو تێكڕای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان بووبە بزووتنەوەیەكی چەپ، چەپ بەو مانایەی كە هیچ حزب و سەركردەیەك نەبوو، دژی ئیمپریالیزم و كۆلۆنیالیزم نەبێت، ئەبەد هیچ كوردێك بە غەیری شەریف پاشا بیری لەوە نەكردەوە كە لە دەرگەی كۆلۆنیالیزم بدات یان غەربی بدات، وە هەوڵدات مەشورەتێك لەوێ وەرگرێت. بۆ نموونە ئێمە لە كوردستانی رۆژهەڵات كۆماری كوردستانمان لە مەهاباد هەیە، كۆمارێكی سووری چەپ حزبی قازی محەمەد بوو کە رێكخراوی حزبی شیوعی ئێرانی (تودە) بوو. لە ئەنجامی ئەوەدا، مستەفا بارزانی و پاشماوەكانی بزووتنەوەی بارزان رۆیشتن بۆ یەكێتی سۆڤییەت، بە گشتی بە بەرەی چەپ حسابدەكران، وە هەتا ناوی مەلای سوریان لە مەلا مستەفا دەنا. لە حزبە كۆمەنیستەكانی وڵاتانی كە كوردستانی تێدایە، كوردەكان بوون بە سەركردەی بزووتنەوەی شیوعی، باشترین نموونەش عەزیز محەمەد و خالید بەکداش بوون. وە هەروەها هەموو حزبەكانی كوردستانی باكور هەموو چەپ بوون، وە دواییش عەبدولڵا ئۆجەلان و پەكەكەی لێ درووستبوو كە ئێستا دیارە پاشماوەی هەرە تووندی چەپن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەڵبەت من ئەوە دەزانم كە لە شەڕی سارددا یان لەو سەد ساڵەدا بێدەنگییەكی موتڵەق بەرانبەر كورد كراوە، كورد لە تێكۆشانیش دابوو، بێدەنگی هەتا گەیشتە هەشتاكان، ئەنفال روویدا، لە شەری نێوان ئێران و عێراق كوردستان لەژێر پێ چوو، سیاسەتی پێچۆڵكردن و سووتاندنی زەویی كوردستان و سەرەنجام كیمیابارانكردن، هەموو ئەوانە ئەو سیاسەتی بێدەنگی و زاڵمانە بەردەوام بوو، ئەوانە هەمووی پەیوەندی بەیەكەوە هەیە، تا خاڵێكی وەرچەرخان لە ساڵی 1991 ڕوویدا، ئەویش ئەوەیە هەموومان تێیدا ژیاوین، سەددام حوسێن كە پشتیوانی كرا لە شەڕی هەشت ساڵەدا گۆڕا بۆ حاكمێك كە تموحاتی كۆنترۆڵ نەكرد وەكو ئەم رووداوانەی روویدا لە ژیانی ئێمە، وەكو گرتنی كوێت و شەڕی خلیج و لەگەڵ ئەوەدا سەرهەڵدانی حاكم و سەركردە توندڕۆكانی بزووتنەوەی ئیسلامی قەومی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەوروپا ئەوكاتیش نەهاتە پێش، ئەوەی كە لە ساڵی 1990 كەمێك بەڵانسەكەی گۆڕی، كە ئیعتبارێكی بچووك بۆ پێكهاتەی كوردستان بكرێت، ئەمریكا بوو، وە ئەمریكا چارەسەری یەكەم بوو. ئەوروپا دەستپێشخەر نەبوو، من لە بیرمە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی كرد گوتی: دوای ساڵی 1992 سەردانی ئەڵمانیام كرد، وە بە سەهوو نەچووبم ئەوكات ئلمۆت كۆل راوێژكاری ئەڵمانیا بوو، پێموگوت ئەگەر ئێمە بمانەوێ لەم بارودۆخە بیر لە جۆرێك سەربەخۆیی و گێڕانەوەی ئەو بێعەدالەتییە بكەین كە بەرانبەرمان كراوە، چیمان پێدەكرێ؟ گوتی زۆر بە ڕوونی وەڵامی دایەوە ئێوە حەقتانە، بەڵام هیچ ڕێگە و پێناوێكی یاسایی نیە كە ئێمە و ئەوروپا بتوانین یارمەتیتان بدەین، فایلی ئێمە لەبەردەستی ئەمریكادایە كە لە دەرەوەی ئەوروپا كاریگەرە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەر ئیهتمامێكتان هەیە هەمیشە لە ئەمریكا ئەو بابەتە باس بكەن. ئەمەشیان دەگەرێتەوە بۆ ئەو مێژووەی ئێستا باسم كرد.
هەڵبەت دوای 1991 كە سەرهەڵدان و راپەرینی كوردستان و شیعەش روویدا، قەساوەتی سەددام حوسێن بەرانبەر كوردستان وە نیازی كۆنترۆڵكردنی سەددام حوسێن، دەورێكی زۆری دەبێت هەبووبێت لەوەی جیا لە جانبی ئینسانی و ئەو دەورەی میدیا دەیبینی لە پیشاندانی كۆڕەو لە كوردستاندا، بڕیاری نوای ئارام دەرچوو كە دوایی هەرێمی كوردستانی لێ درووستبوو. پاشی ئەوە مێژووی كوردستان لە دوای ساڵی 1991 داخلی قۆناغی نوێ بوو، باڵی هەرێمی كوردستان وردە وردە كاریگەری لە هەموو باڵەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان دەكات بەو مانایەی كە بەرەو مەدەنییەتی نوێ زیاتر بیروباوەڕی خۆیان دژی تیرۆر و پشتیوانی پێكهاتەكان دەكەن، وە هەوڵدەدەن بەجۆرێك بەرژەوەندیی خۆیان لەگەڵ رۆژئاوا و ئەمریكا بگونجێنن تا گەیشتە مەسەلەی شەڕی سەددام حوسێن لە ساڵی 2003، وە دوایی وەرەقەی كورد هاتە پێشەوە، بە جۆرێك هەموو دونیا ئەو قسەیەی فرانسو میتران دووبارە بكاتەوە كە زوڵمێكی زۆریان لێ كراوە، دۆستی دونیای مەدەنین، بەهاكانیان بە كەڵكی ژیان دێن، وە لە هەمان كاتیش ئەو قسەی دەیڤید نیلیبان دووبارە بكەنەوە كە گوتی تەقسیمێكی زاڵمانە كراون كە نەدەبوو وابێت. بەڵام هەموو ئەوەی ئێستا دەستی هەموویان بەستراوە، چونكە هەموویان لە كۆتاییدا دەڵێن هیچ دەرگایەك نیە بۆ ئەوەی كە بە وازحی قسەی لێ لە چارەنووسی كورد بكرێت، وە ئەو دەرگایە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوەشاندنی ئیمپراتۆری عوسمانی وە كۆتاییەكەی كە بە ڕێككەوتنی لۆزان هات. لە سیڤەریش گەر بچینە ناو وردەكاری، لە حەقیقەتدا بۆ تەقسیمكردنی یەكجارەكیی ئیمپراتۆری عوسمانی، دوو بەند بۆ كوردستان تەرخانكرا، بەڵام نە بەریتانیا و فەرەنسا هاوكاری كوردیان نەكرد بۆ ئەوەی خۆیان یەكخەن تا سوود لەو بەندانە وەرگرن، وە پاش كەمتر لە ساڵێكیش رێككەوتنی دووەم هات كە لە ئەنجامی فشاری كەمال ئەتاتورك لۆزان بەسترا و لێی پاشگەز بوونەوە، بەڵام پاشگەزبوونەوەكە تەنیا كوردی گرتەوە، دەنا میللەتەكانی دیكەی وەكو ئەرمەن و ئەوانی دیكە هەموو حەقی خۆیان پێ بڕا، وە ئەو تەقسیمە روویدا. لە راستیدا بەریتانیا و فەرەنسا وایان دانابوو لە سیڤەردا وەختێك كورد دەتوانێت شتێكی هەبێت كە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بە یەكجاری پارچە پارچە بكرێت، تەنانەت ناوچەكانی دەوروبەریشی ببن بە دەوڵەتێكی ئەوروپایی و شتێك بە ناوی ئاساری عوسمانی نەمێنێت، ئەوكاتیش ئەگەر كورد بتوانن بۆخۆیان شتێك بكەن.
هەموومان ئاگامان لەو وەسائیقانە هەیە كە لە كۆنفرانسی ئاشتی شەریف پاشا و هاوكارەكانی و ئەو وەفدەی كە نامەی شێخ مەحمودی پێ بوو چۆن ڕێیان لێ گیرا دەوری كاریگەر نەبینن، یانی بڕیاردا هەتا نەهێڵن قسەی كورد بشبیسترێت. ئەوەی من دەمەوێ تەئیكیدی لێ بكەمەوە مەبەستم لەم قسانە ئەوە بوو كە چارەنووسی ئێستای ئێمە دوور نیە لەو دەورە مێژووییەی كە ئێمە بینیومانە لە رۆژهەڵاتی نێوەراست، وە ئەو دەورە بەشێوەی تەخریبی لە زەمانی سەلاحەددینی ئەییوبی دەستپێدەكات، وە ئەو باجە و تۆڵەكردنەوەیە كە كۆلۆنیالیزم لە كوردی كردەوە، لە بەرانبەر ئەو تێكدانە بوو كە جەنگاوەرانی كورد بە قیادەی سەڵاحەددینی ئەییوبی لە ساڵی 1160 – 1190 كردیان، وە بە جۆرێكیش شانس وابوو نیزامی نوێی جیهانی لەسەر دامەزرا كە تاكو ئێستاش دونیا لەسەر ئەو نیزامە دەڕوات، ئەویش ئەوەیە كە ئەگەر ئەوكات سەنەدێكت بە ناوی پێكهاتەیەكی حەقخواز پێنەدرابێت، ئێستا دەرگایەكت نیە بە ناوی مافی چارەی خۆنووسین. قۆناغی نوێی ئێستا كە تێیدا دەژین، قۆناغێكە كە سی ساڵە تێیداین، دەبوایە زۆر هەنگاو بنێین، بەشێكی زۆری هاویشتراوە، بەڵام ناقسە، ئەوەیە كە ئاوڕدانەوە لە پێكهاتەكان زۆر گرنگە بەو مێژووەی باسم لێ كرد. عەلمانییەت زۆر گرنگە، وە دژی تیرۆربوون و ئیدارەیەكی باش و پێشكەوتنی ئابووری وە كرانەوەی كۆمەڵایەتی و هەبوونی سوپایەكی باشیش كە لە ناوچەدا كاریگەر بێت، چونكە لە شەڕی داعشدا دەركەوت كورد بە هەبوونی جەنگاوەر دەتوانن دەور ببینن لە سیاسەتی ناوچەكەدا. هەروەكو لە زەمانی سەلاحەددینی ئەییوبیش جەنگاور دەوری مێژوویی خۆیان ببینن. ئێستا بە پێچەوانەوە دەتوانن دەورێكی ئیجابی ببینن. ئاخرین جاریش كە ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان كرا، هەموو دەرگاكانی بەسەردا داخران، چونكە بە غەیری عەدالەتی قەزییەكە هیچ دەرگایەكی قانونی نەبوو كە كورد لەوێوە بتوانێ فشار بكات. مەبەستی من لەم قسانە ئەگەر سەرنج راكێشم، ئەوەیە ئەم قۆناغە مێژووییانە چۆن كاریگەریان بەسەر یەكەوە هەیە، و بەسەر كوردستان هەیە. ئەمە پاڵمان پێوەدەنێت ئێستا دەبێت چی بكرێت بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە مان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە پێداچوونەوە بە مێژوو بە كاریگەرێتیی قۆناغێك بەسەر قۆناغەكەی دیكە وە بە لێكدانەوە بە پێكەوە بەستنەوەی لۆژیكی و ئیستدلالی، ئینسان دەتوانێت خۆی لێ خۆش بكات و بەدوای سەرچاوەدا بگەڕێت. زۆرجار حەقیقەتێك هەستی پێدەكرێت، بەڵام دەبێت ساغ بكرێتەوە. هونەر لە ساغكردنەوەكەدایە، زیرەكییش لە هەستپێكردنەكەدایە. بۆ نموونە كتێبی دوو بەرگی لەسەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد عوسمان عەلی نووسیویەتی، وە خۆی بە مەیلی ئیسلامیشی هەیە، بەڵام لە لێكۆڵینەوەدا پسپۆڕە لە بواری خۆیدا، من هەردوو بەرگی كتێبەكەیم كە خوێندەوە ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاكێشام، دیداری شێخ عوبەیدولڵای نەهری و میری بۆتان بووە لەگەڵ كونسوڵی بەریتانیادا. ئەوكات نە بەریتانیا لە ناوچەكەدا بووە نە شەڕیش هەبووە لە نێوان بەریتانیا و كورد، شەڕەكە لەگەڵ ئێران و عوسمانییان و قاجاری بووە لەلای بۆتان و شێخ عوبەیدولڵای نەهری. لە هەردووكیاندا نوێنەری بەریتانیا زۆر بە سەرچیغی بەسەریاندا تێدەپەڕێت، بە سەعات بەیەكەوە یەكتر دادەنیشن بەڵام نە پێشنیارێكی شیاوی ئیستفادە بۆ شێخ عوبەیدولڵای نەهری یان بۆ میری بۆتان دەكات كابرای كونسوڵ، وە نە دەگەڕێتەوە ئەوەی كە نوسیوییەتی ئەو پێكهاتەیە و ئەو سەركردەیە بۆ ئەوە دەبێت پشتی پێ ببەستی. جا من نەمویست ئەو پەیوەندییە خراپەی كە لە بەینی كوردان و ئەرمەنیان و لەگەڵ ئاشوریان هەبوو لەسەرەتای ئەم سەدەیەدا دیسان قوڕەكەی خەستتر كرد بووبە عامیلی خراپ، بۆ نموونە كوشتنی مار شەمعون لەلایەن سمكۆی شكاك، كە مار شەمعون رابەری دینی و سیاسیی هەموو ئاشوورییەكانی كوردستان بوو و تا ئێستاش لەبیریان ناچێت، لە كاتێكدا سمكۆ بە سەركردەی بزاڤی ڕزگاریخوازیی كورد حسابدەكرێت (كە من بە سەركردەی نازانم و بە ڕزگاریخوازیشی نازانم). یان لە ڕاستیشدا دەوری عەشایری كورد لە دوای سەڵاحەددینی ئەییوبیش تا درووستبوونی دەوڵەتی عێراق و سوریا تا لێكهەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانیش، عەشایری كورد دەورێكی خراپی هەبووە لە سەركوتكردن و تەحدیدكردن و لەناوبردنی پێكهاتەكانی غەیرە مسوڵمان بە مەسیحی، بە ئێزدی. بەتایبەت لەو ڕاپۆرتانەی رۆژهەڵاتناسەكان و ئەو مەئمورانەی هاتوون بە تایبەتی ئەمریكی و بەریتانیان بخوێنییەوە، راپۆرتی سەلبین لەسەر سەرۆك عەشیرەت و كاربەدەستانی كورد كە كەمتر خەڵكی شار بوونە لە زەمانی عوسمانیان. هەر لە ناو خۆشماندا دیارە ئەو پەیوەندییە خراپەی لە نێوان ئاینی ئیسلام و ئێزدی هەیە، بۆمان چارەسەر ناكرێت.
بە سەركردایەتی لە سەد ساڵی ڕابردوودا هەیە، ئەوەشیان بۆخۆی بوارێكە بۆ بیر لێكردنەوە، نوخبەی سەركردایەتی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستاندا، تەنیا عەدالەتی قەزیەكەی بە هەند وەرگرتووە و فیداكارانەش تێكۆشاوە، بەڵام ئەوەی كەوا ببێتە نوخبەیەكی قوڵ هەمیشە خۆی پاراستووە، هەمیشە نوخبەیەكی سەتحی، عەسكەری، وە لە هەمان كاتدا بێ تەجروبە و دونیا نەدیتە بووە. بۆیەش ئێمە ئەو لایەنەی تۆ دەیڵێی وەكو توێژینەوە و راپۆرت لەسەر بوارە جیاجیاكان هەر وجودی نیە، تۆ لە سەد ساڵی ڕاپۆرتێك نابینییەوە لەلایەن سەركردایەتیی سیاسی لە بوارێكی دیاریكراودا خوێندبێتییەوە یان تەكلیفی كردبێت بۆی ئامادە بكەن. ئەوەی كە كاك بۆتانیش ئاماژەی پێدا لای بەریتانیا مەوقیفی ئاینی نەبووە، مەوقیفی دینی لای بەریتانیا و فەرەنسا زۆر زۆر توند بووە، نەك هەر هەبووە. ئەی بەشی زۆری ئەمریكا چۆن بوون بە مەسیحی؟ بەشی زۆری لەژێر دەستی بەریتانیا و فەرەنسادا بوون، ئەی ئەمریكای لاتین چۆن هەموو بوون بە مەسیحی؟ ئەمریكای لاتین چۆن بە مەسیحی درووستبوون. ئەی كەنەدا و ئورسترالیا بۆچی؟ كە كۆلۆنیالیزم هاتە ناوچەی ئێمە جیاوازی هەبووە لەوەی لە ڕۆیشتنی كۆلۆنیالیزم بۆ ئەفریقا یان بۆ ئەمریكای لاتین. كۆلۆنیالیزم ئەو دەوڵەتانەت كە مێژوویان هەبووە، وە ئەو مێژووە شەڕی ئاینی و شارستانی تێدابووە، بە درێژایی مێژوو یەكتریان تێكشكاندووە لەو ناوچەیەی ئێمە، بۆیە نەیاندەتوانی بێ مەوقیف بن، هەر ئەوەش كە كاك حوسێن دەڵێت: گەڕانەوە بۆ مێژوو لە مەوقیفی كارشناسەكانی بەریتانی و فەرەنسی و هی ڕووسیشدا زۆر زۆر ئامادەییەكی بەردەوامی هەبووە. هەربۆیەش ئیمپراتۆری عوسمانییان لەناوبرد، هەر هیچیان بۆ نەهێشتەوە، ئەگەر ئەو بەرگریی كەمال ئەتاتورك نەبایە، توركیای ئێستاش درووستنەدەبوو. پەیمانی سیڤەر پەیمانی لەناوبردن و تەقسیمی یەكجاری دەوڵەتی عوسمانی بوو؟
دەڵێن كورد هەڵكەوتووی نەبوونە، هەندێكی ڕاستە، هەندێكیشی نا، ئەگەر تەماشا بكەین سەركردەكانی خەلیج لە كورد پێشكەوتووتر نەبوون، تەنیا لە یەك شتدا چانسیان هەبوو، دەستیان بە دامێنی بەریتانیاوە گرت. بەڵام كۆلۆنیالیزمی بەریتانیشان هیچ بڕیارێكی قەتعی بۆ ڕەتكردنەوەی عەرەب نەبوو، بە پێچەوانەوە بەپیرییانەوە دەچوو. هەتا میس بێڵ لە نامەكانی خۆیدا باس لە دیداری خۆی لەگەڵ ئەو كەسایەتییە عەشایەری و دینی و مەدەنی ناو بەغدا و بەسرا دەكات كە دەیانبینێت، وە لەگەڵ ئەوەدا كە چ شەڕێكیان كردووە لە 1920 لەگەڵ بەریتانییەكان، وە عەفویان كردوون، ئەی بۆ كورد عەفو ناكەن؟ كورد عەفو ناكەن، كورد دەورێكی خراپی بینی بە قیادەی سەڵاحەددینی ئەییوبی، دەورەكەش شەڕێك نەبوو، حەوت دەوڵەتی مەسیحی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای بچووك لە ئەنادۆڵ لەناویانبردن، سەلاحەددینی ئەییوبی ئەوەی كرد و بە كەس نەكرابوو. تۆ حساب بكە ئەگەر دوو دەوڵەتی مەسیحیی بچووك وەك ئەرمینیا و جۆرجیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان، هاوسەنگیی رۆشنبیری و ئاینی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر دەگۆڕن، ئێمە تەنیا %40ی دانیشتوانی لوبنان مەسیحین، دەبینین بەلانسەكە هەندێك گۆرانكاری تێدایە و تامێكی تر لە ژیان هەیە. ئیسرائیل هەیە لە وڵاتێكی بچووك كە بەلانسەكەی گۆڕیوە. ئەوەی سایكس بیكۆتیش هەروا، سایكس بیكۆت بۆچی پەیمانێكە بە نهێنی بەسترا، ئەگەر لینین و شۆرشی ئۆكتۆبەر ئەو پەیمانەی كەشف نەكردبا، ئاشكرا نەدەبوو. پەیمانێكە لە ژێرەوە بۆ تەقسیم، وە بۆ ئەوەی كێ دەبێتە شت و كێش ئیهمال دەكەن. لە ساڵی 1916 وەعدی بلفۆر لەگەڵ سایكس بیكۆ بە جو درا لەگەڵ ئەوەی لەبەرچاویان روون بێت چیان بۆ دەكەن، بەس بڕیارندا جوەكان لە شوێنێك كۆبكەنەوە لەوانەیە فەلەستین بێت یان نەبێت، هێنایان لە ماوەی 20 ساڵدا دەوڵەتەكەیان بۆ درووستكردن، لە ماوەی 70 ساڵدا لە 1948ەوە دەیانپارێزن، بەڵام ئەو چانسە بۆ كورد نەبوو. گەر تۆش تەماشا بكەیت، شەریف پاشا و هاوكارەكانی ئەو دیپلۆماسی و جددیەتەی لە ئەوروپا و بە تایبەت لە فەرەنسا لە پەیمانی سوڵحدا كردیان، بەڕاستی سەركردەیەكی سیاسی بوو، لەسەرەتای سەدەی بیستەم هەر دەتوانرا ئەمە بكرێت. ئەسڵەن قیاسی شەریف پاشا لەگەڵ سەركردەكانی عەرەبی و تورك و ئەرمەنی ناكرێت لە زمانزانی و مەدەنیبوون و ئەوروپا بینین و دونیا دیتن، بۆیە من پێموانیە ئەمە تاكە هۆكار بووبێت، وە من لەسەر ئەوە دەوەستم. مەبەستم ئەوەیە هەوڵدەدەم ئەدیللەی زیاتری بۆ كۆبكەمەوە، ئەوەی كە لە سەرەتای سەدەی بیستەم مەوقیفێك لە كورد هەبوو، وە ترسی هەبوو، ترس لە پێكهاتەیەك هەبوو هەشتسەد ساڵ پێشی ئەوێ ئەوروپای تێكشكاند. پرسیار ئەوەیە لەو ماوەی هەشتسەد ساڵەدا دەلیلێكی تری لە كورد خۆی درووستكرد و نیشاندا كە ئەوروپا بڵێن گۆڕانێك بەسەر خەتەرێتی ئەو پێكهاتەیەدا هاتووە یان نا.
من پرسیارەكە بە جۆرێكی تر دەڵێم: بۆچی لێگەڕان هیندێكی وا گەورە بە یەكگرتوویی بمێنێ، بەڵام لێنەگەڕان جیهانی عەرەبی بە یەكگرتوویی بمێنێت. تۆڵەیان لە جیهانی عەرەبی كردەوە، لەو دینەی ڕەگوڕیشەی مەسیحی لە رۆژهەڵات بڕییەوە. وە سەلاحەددینی ئەییوبی دینێكی نەهێنا، جەنگاوەری ئەم دینە بوو. هەڵبەت نووسین زۆرە كە باسدەكەن چۆن نابێت جیهانی عەرەبی و ئیسلامی یەكگرتوو بێت، بەتایبەتی لە راپۆرتەكەی هامفێردا بە ڕوونی دیارە و باس لە تەقسیمكردنی جیهانی عەرەبی و خەلیج دەكات كە هەر عەشیرەتە و ناسنامەی خۆیان دانێ. بەڵام لێنەگەڕان عەرەبی ببێت بە یەك دەوڵەت، وە لێنەگەڕان كوردیش هیچ ئامادەییەكی هەبێت. یەكەمیان دینەكەی هێنا، دووەمیشیان جەنگاوەر و فەرماندەیەكی هێنا كە كۆتایی بە حیهانی مەسیحی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێنا. ئەمە مێژووە بەڵام ئەوەی من دەڵێم دەبێت هیوادارم زیاتر بەڵگەی بۆ پەیدا بكەم. ئامانجیشم ئەوە نیە تەنیا بە مێژووەوە بەند بین، بەڵكو ئامانج ئەوەیە بزانین گرێیەكە لە كوێیە كە گرێیەكە تا ئێستا توند دەكرێت و گرێی چارەنووسی ناكرێتەوە. تەنیا ئەوەیە هەموو دونیا دەڵێن ئێوە ستەملێكراون، حەقتانە، بەڵام حەقی قانوونیتان نیە. كۆتایی قسەكانیشم بەو قسەی ئیسماعیل بێشكچی دێنم، گوتم چ بكەین باشە؟ گوتی: هیچ ڕێگەیەكتان نیە، هیچ حەقیشتان بەدەستەوە نیە، قەزیەكەشتان زۆر عادلە. تەنیا دەبێت ڕۆشنگەرییەكی بەردەوامی بەردەوام بۆ هەموو دونیا بكەن، تا هەموو دونیا یەكبگرن ئەم قانونە بگۆڕن كە ئێوەیان تەقسیم كردووە. كاك بۆتان حەق ئەوەیە قانون بیدات، بەڵام هیچ قانونێك نیە دان بە مافی ئێمەدا بنێت. بێشكچی دەڵێت دەبێت بەردەوام بن، دونیا لەژێر فشاری ئینسانییەت و دەوری كاریگەری ئێوە و حەقانییەتی قەزیەتەكان قانونەكان بگۆڕێت، كەنگێ؟ دەڵێت دەبێت ماندوو نەبن.
سەرچاوە: ئەرشیڤی ماڵپەڕی سەرۆ قادر